[1] ئینجا ساموئێل بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئەوەتا من گوێم لە دەنگتان گرت، لە هەموو ئەو شتانەی کە پێتان گوتم، پاشایەکم بۆ دانان.
[2] ئێستاش تەماشا بکەن، پاشا لەپێشتان دەڕوات. بەڵام من پیر بووم و سەرم سپی بووە، کوڕەکانیشم لەگەڵتاندان. من هەر لە لاویێتیمەوە هەتا ئەمڕۆ لەپێشتانەوە ڕۆیشتووم.
[3] ئەوەتام و لەبەردەم یەزدان و دەستنیشانکراوەکەی شایەتیم لەسەر بدەن. ئایا گا و گوێدرێژی کێم بردووە؟ ئایا کێم هەڵخەڵەتاندووە؟ ئایا کێم چەوساندووەتەوە؟ ئایا بەرتیلم لە دەستی کێ وەرگرتووە تاکو چاوەکانم لە ئاستیدا دابخەم؟ پێم بڵێن تاکو بیگەڕێنمەوە.»
[4] ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت هەڵنەخەڵەتاندووە و نەتچەوساندووینەتەوە و هیچت لە دەستی کەس وەرنەگرتووە.»
[5] ساموئێلیش پێی گوتن: «یەزدان شایەتە لەسەرتان و دەستنیشانکراوەکەی ئەمڕۆ شایەتە کە ئێوە هیچ شتێکتان لەسەرم نییە.» گوتیان: «شایەتە.»
[6] ئینجا ساموئێل بە گەلی گوت: «ئەمە یەزدانە، ئەوەی موسا و هارونی دانا، ئەوەی باوباپیرانی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.
[7] ئێستاش لێرە ڕابوەستن، بۆ ئەوەی لەبەردەمی یەزدان کارە ڕاستودروستەکانی ئەوتان بیربخەمەوە کە لەگەڵ ئێوە و باوباپیرانتان کردوویەتی.
[8] «کە یاقوب چووە ناو میسر و باوباپیرانتان هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش موسا و هارونی نارد و باوباپیرانی ئێوەی لە میسر هێنایە دەرەوە و لەم شوێنەدا نیشتەجێی کردن.
[9] «بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لە یاد کرد و ئەویش ڕادەستی سیسرای فەرماندەی گشتی سوپای حاچۆر و فەلەستییەکان و پاشای مۆئابی کردن و جەنگیان لەگەڵ کردن.
[10] ئینجا هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: ”گوناهمان کرد، چونکە وازمان لە یەزدان هێنا و بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانمان پەرست بەڵام ئێستا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان بکەوە و دەتپەرستین.“
[11] ئینجا یەزدان یەروبەعل و باراک و یەفتاح و ساموئێلی نارد و لە دەست دوژمنەکانی دەوروبەرتان فریاتان کەوت و بە ئاسوودەیی دانیشتن.
[12] «بەڵام کاتێک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکانتان بینی دێتە سەرتان، پێتان گوتم: ”نەخێر پاشایەکمان دەوێت فەرمانڕەوایەتیمان بکات،“ هەرچەندە یەزدانی پەروەردگارتان پاشاتان بوو.
[13] ئێستاش ئەو پاشایەی کە هەڵتانبژارد و داواتان کرد، ئەوەتا یەزدان بۆی دانان.
[14] ئەگەر لە یەزدان بترسن و بیپەرستن، گوێڕایەڵی بن و لە فەرمانەکانی یاخی نەبن، ئەگەر خۆتان و پاشاکەشتان کە پاشایەتیتان دەکات بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان بکەون، ئەوا باشەتان بۆ دەبێت.
[15] بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و لە فەرمانەکانی یەزدانتان یاخی بوون، ئەوا یەزدان لە دژتان دەبێت هەروەک چۆن لە دژی باوباپیرانتان بوو.
[16] «هەروەها ئێستاش ڕابوەستن و ئەم کارە مەزنە ببینن کە یەزدان لەبەرچاوتاندا دەیکات.
[17] ئایا ئەمڕۆ دروێنەی گەنم نییە؟ من بانگی یەزدان دەکەم و هەورەتریشقە و باران دەبارێنێت، جا بزانن و ببینن خراپەکەتان گەورەیە کە لەبەرچاوی یەزداندا کردووتانە، کە داوای پاشایەکتان بۆ خۆتان کرد.»
[18] ئینجا ساموئێل لەبەردەم یەزدان نزای کرد و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا هەورەتریشقە و بارانی باراند و هەموو گەل زۆر لە یەزدان و لە ساموئێل ترسان.
[19] ئینجا هەموو گەل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناو خزمەتکارەکانت نزا بۆ یەزدانی پەروەردگارت بکە، با نەمرین، چونکە خراپەمان خستە پاڵ هەموو گوناهەکانمان کە بۆ خۆمان داوای پاشامان کرد.»
[20] ساموئێلیش بە گەلی گوت: «مەترسن! ئێوە هەموو ئەم خراپەیەتان کردووە، بەڵام لە ڕێگەی یەزدان لامەدەن و بە هەموو دڵتانەوە خزمەتی بکەن.
[21] لامەدەن تاکو بەدوای شتی پووچەوە بکەون کە سوودیان نییە و فریاتان ناکەون، چونکە پڕوپووچن.
[22] یەزدان لە پێناوی ناوە مەزنەکەی خۆی واز لە گەلی خۆی ناهێنێت، چونکە یەزدان خوازیاربوو بتانکاتە گەلی خۆی.
[23] هەروەها منیش، حاشا گوناه لە دژی یەزدان بکەم و دەست لە پاڕانەوە هەڵبگرم لە پێناوی ئێوە، بەڵکو ڕێگای چاک و ڕاستتان پیشان دەدەم.
[24] تەنها لە یەزدان بترسن، بە هەموو دڵتانەوە بە ڕاستی بیپەرستن، چونکە ببینن چ کارێکی مەزنی لەگەڵتاندا کردووە.
[25] بەڵام ئەگەر خراپە بکەن، خۆتان و پاشاکەتان ڕادەماڵرێن.»