[1] داود لە دڵی خۆیدا گوتی: «بێگومان ڕۆژێک بە دەستی شاول دەفەوتێم، لەبەر ئەوە باشترین شت بۆ من ئەوەیە هەڵبێم و خۆم دەرباز بکەم بۆ خاکی فەلەستییەکان، ئیتر شاول نائومێد دەبێت لە گەڕان بەدوامدا لەنێو سنوورەکانی ئیسرائیل و منیش لە دەستی دەرباز دەبم.»
[2] داود هەستا و خۆی و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون پەڕینەوە بۆ لای ئاخیشی کوڕی ماعۆخی پاشای گەت.
[3] ئیتر داود لە گەت لەلای ئاخیش مایەوە، خۆی و پیاوەکانی، هەریەکە و خێزانەکەی خۆی لەگەڵی بوو، داودیش لەگەڵ هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی کەرمەلی کە بێوەژنی نابال بوو.
[4] بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود بۆ گەت هەڵاتووە، ئیتر ئەویش بەدوایدا نەگەڕا.
[5] داود بە ئاخیشی گوت: «ئەگەر لەبەرچاوت جێی ڕەزامەندی تۆم، لە یەکێک لە شارۆچکە دوورەدەستەکان شوێنێکم بدەرێ و با لەوێ نیشتەجێ بم، بۆچی خزمەتکارەکەت لەناو پایتەخت لەگەڵت نیشتەجێ بێت؟»
[6] لەبەر ئەوە لەو ڕۆژەدا ئاخیش چیقلەگی پێدا، بۆیە لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆش چیقلەگ بووە بە هی پاشاکانی یەهودا.
[7] داود ساڵێک و چوار مانگ لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
[8] لەو ماوەیەدا داود و پیاوەکانی سەردەکەوتن و پەلاماری گەشووری و گیرزی و عەمالێقییەکانیان دەدا، چونکە ئەمانە لە کۆنەوە دانیشتووانی خاکەکە بوون، لەلای شوورەوە هەتا خاکی میسر.
[9] هەر کاتێک داود هێرشی دەکردە سەر هەرێمێک پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە، مەڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبەرگی دەبرد و دەگەڕایەوە، دەهاتەوە لای ئاخیش.
[10] کاتێک ئاخیش پرسیاری لێ دەکرد: «ئەمڕۆ پەلاماری کوێتان داوە؟» داودیش دەیگوت: «نەقەبی یەهودا» یان «نەقەبی یەرەحمێلییەکان» یان «نەقەبی قێنییەکان.»
[11] داود پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە هەتا بێنە گەت، چونکە دەیگوت: «نەوەک لە گەت ڕابگەیەنن: ”داود ئەمەی کردووە.“» ئەمە پیشەی ڕۆژانەی بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
[12] ئاخیش بڕوای بە داود دەکرد و دەیگوت: «داود لەلای ئیسرائیلی گەلی خۆی بە تەواوی قێزەون بووە، جا هەتاهەتایە دەبێتە بەندەم.»