Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:03

[1] ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا، هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت: «پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.»

[2] بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە: «بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم، بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.»

[3] پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت: «حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات، ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»

[4] جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان.

[5] لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە، شاول گوتی: «چی لە گەل ڕوویداوە، بۆچی دەگرین؟» ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە.

[6] کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو، ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو.

[7] ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی: «ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل نەکەوێت، گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.» جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە.

[8] کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی، نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون.

[9] بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون: «ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد: ”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت، ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“» ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند، ئەوانیش دڵخۆش بوون.

[10] پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت: «سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»

[11] بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر، لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لە عەمۆنییەکانیان دا، ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون، هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.

[12] ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت: «کێن ئەوانەی دەڵێن: ”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“ ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.»

[13] بەڵام شاول گوتی: «کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.»

[14] پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.»

[15] جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.

یەکەم ساموئێل — Chapters