Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:06

[1] داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»

[2] داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم: ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“ لەگەڵ پیاوەکانیشم شوێنێکم بۆ دیاری کردوون کە چاویان پێم بکەوێت،

[3] ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»

[4] کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان .»

[5] داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟»

[6] لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.

[7] لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو.

[8] ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ چونکە نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»

[9] کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.» داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.»

[10] هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت .

[11] خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت: «”شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار“؟»

[12] داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا،

[13] لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.

[14] ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟

[15] ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟»

یەکەم ساموئێل — Chapters