Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 9:21

[1] ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا.

[2] شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان.

[3] جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو.

[4] پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک بوو.

[5] کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل بڕۆنز بوو.

[6] هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو،

[7] دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.

[8] جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن با بۆم بێتە خوارەوە.

[9] ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.»

[10] ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.»

[11] کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان.

[12] داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێت‌لەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو.

[13] هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو.

[14] داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون.

[15] جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێت‌لەحم.

[16] بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا.

[17] ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان،

[18] ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە.

[19] شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.»

[20] بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا.

[21] جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز.

[22] داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی.

[23] کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو.

[24] هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن.

[25] پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.»

[26] داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟»

[27] ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.»

[28] کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.»

[29] داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟»

[30] ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە.

[31] ئەو قسانەی داود گوتی بیسترانەوە و بە شاول ڕاگەیەنرا و ئەویش ناردی بە شوێنیدا.

[32] داود بە شاولی گوت: «کەس بەهۆی ئەوەوە دڵی خورپە نەکات. خزمەتکارەکەت دەچێت و لەگەڵ ئەو فەلەستییە دەجەنگێت.»

[33] شاولیش بە داودی گوت: «ناتوانیت بچیت بۆ ئەو فەلەستییە و لەگەڵیدا بجەنگیت، چونکە تۆ منداڵیت و ئەویش لە منداڵییەوە جەنگاوەرە.»

[34] داودیش بە شاولی گوت: «خزمەتکارەکەت شوانی مەڕەکانی باوکی بووە. هەر کاتێک شێرێک یان ورچێک دەهات و مەڕێکیان لە مێگەلەکە دەبرد،

[35] من بەدوایدا دەچووم و دەمکوشت و لە دەمی دەربازم دەکرد، کاتێک بۆم هەڵدەستا ملیم دەگرت و لێم دەدا و دەمکوشت.

[36] خزمەتکارەکەت شێر و ورچی دەکوشت و ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوەش وەک یەکێک دەبێت لەوان، چونکە تەحەدای ڕیزەکانی سوپای خودای زیندووی کردووە.

[37] یەزدان کە منی لە چنگی شێر و ورچ دەرباز کردووە، هەر ئەو لە چنگ ئەم فەلەستییە دەربازم دەکات.» شاولیش بە داودی گوت: «بڕۆ، با یەزدان لەگەڵتدا بێت.»

[38] ئینجا شاول کراسەکەی خۆی لەبەر داود کرد و کڵاوێکی بڕۆنزی لەسەر سەری دانا و زرێیەکی لەبەرکرد.

[39] داودیش شمشێرەکەی لەسەر کراسەکەی بەست و ویستی پێیانەوە بڕوات، چونکە تاقی نەکردبووەوە. ئینجا داود بە شاولی گوت: «ناتوانم پێیانەوە بڕۆم، چونکە تاقیم نەکردوونەتەوە.» جا داود لە خۆی کردنەوە و

[40] گۆچانەکەی بەدەستەوە گرت، پێنج بەردی لووسی لە دۆڵەکەدا هەڵبژارد و خستییە ناو توورەکەی شوانییەکەی لەناو هەگبەکەی، قۆچەقانییەکەی بەدەستەوە گرت و لە فەلەستییەکە چووە پێش.

[41] لەو کاتەدا فەلەستییەکە هات و لە داود نزیک بووەوە، هەڵگری قەڵغانەکەشی لەپێشیەوە دەڕۆیشت.

[42] کاتێک فەلەستییەکە تەماشای کرد و داودی بینی، بە سووکی سەیری کرد، چونکە منداڵێکی سوورە و قۆز بوو.

[43] فەلەستییەکە بە داودی گوت: «من سەگم هەتا تۆ بە گۆچانەوە بۆم بێیت؟» ئینجا بە خوداوەندەکانی خۆی نەفرەتی لە داود کرد و

[44] پێی گوت: «بۆم وەرە هەتا گۆشتی تۆ بدەمە باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی دەشتودەر!»

[45] داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد.

[46] ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە.

[47] هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.»

[48] جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە.

[49] داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی.

[50] بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو.

[51] ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە. کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن.

[52] دوای ئەوە پیاوانی ئیسرائیل و یەهودا هەستان و هاواریان کرد و دوای فەلەستییەکان کەوتن هەتا گەت و دەروازەکانی عەقرۆن. جا کوژراوەکانی فەلەستییەکان لە ڕێگای شەعەرایم هەتا گەت و عەقرۆن کەوتن.

[53] کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕانەوە، خێوەتگاکەیان تاڵان کردن،

[54] داودیش سەری فەلەستییەکەی هەڵگرت و بردی بۆ ئۆرشەلیم، چەکەکانی فەلەستییەکەشی لەناو چادرەکەی خۆی دانا.

[55] کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»

[56] پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»

[57] کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.

[58] شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟» داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێت‌لەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»

یەکەم ساموئێل — Chapters