[1] منداڵەکەش، ساموئێل، لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا.
[2] لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو،
[3] ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە،
[4] جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد. ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» و
[5] ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە.
[6] یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.»
[7] ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو.
[8] بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات.
[9] جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە.
[10] ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!» ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.»
[11] یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە.
[12] لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم.
[13] من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن.
[14] لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو هەتاهەتایە.»
[15] ئینجا ساموئێل هەتا بەیانی پاڵکەوت و دەرگاکانی ماڵی یەزدانی واڵا کرد. ساموئێل ترسا ئەو بینینە بە عێلی ڕابگەیەنێت.
[16] ئینجا عێلی ساموئێلی بانگکرد و گوتی: «کوڕم ساموئێل.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
[17] عێلی گوتی: «ئەو قسەیە چی بوو کە پێی فەرموویت؟ تکایە لێمی مەشارەوە. خودا توندترین سزات بدات، ئەگەر وشەیەکم لێ بشاریتەوە لە هەموو ئەوەی پێی فەرموویت.»
[18] ساموئێلیش تەواوی فەرموودەکەی پێ گوت و هیچی لێی نەشاردەوە، ئەویش گوتی: «خۆی یەزدانە، ئەوەی بە باشی بزانێت با بیکات.»
[19] ساموئێل گەشەی دەکرد، یەزدانیش لەگەڵی بوو، نەیهێشت هیچ یەکێک لە قسەکانی ساموئێل بشکێت.
[20] جا هەموو ئیسرائیل هەر لە دانەوە هەتا بیری شابەع زانییان کە ساموئێل متمانەپێکراوە ببێت بە پێغەمبەری یەزدان.
[21] یەزدان بەردەوام لە شیلۆ خۆی بۆ دەردەخست، چونکە لەوێ بە ڕێگەی فەرمایشتەکەیەوە خۆی بۆ ساموئێل ئاشکرا کردبوو.