Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:33

[1] یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا: ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ لە ساڵی بیستەم، کاتێک لە قەڵای شوش بووم،

[2] حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.

[3] پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.

[4] کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم.

[5] دوای ئەوە گوتم: m «ئەی یەزدان، خودای ئاسمان، ئەی خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن،

[6] تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد.

[7] بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە تۆ فەرمانت بە موسای خزمەتکارت کردبوو. m

[8] «تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو: ”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم،

[9] بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی ئاسمان بن، ئەوا لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەم شوێنەی کە هەڵمبژارد هەتا تێیدا ناوەکەم نیشتەجێ بێت.“ m

[10] «ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە.

[11] ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.» منیش ساقی پاشا بووم.

نەحەمیا — Chapters