Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:31

[1] ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو،

[2] سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.» ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن.

[3] منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟»

[4] جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە.

[5] پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو،

[6] تێیدا نووسرابوو: m «لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان،

[7] چەند پێغەمبەرێکت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.»

[8] منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کەم لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.»

[9] هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.» بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.»

[10] ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لەناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.»

[11] منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!»

[12] بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو.

[13] بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و ئاوا بکەم و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.

[14] ئەی خودای من، بەگوێرەی ئەم کردەوانەیان تۆڤییا و سەنڤەلەتت لەبیر بێت، هەروەها نۆعەدیای پێغەمبەرە ژن و پاشماوەی ئەو پێغەمبەرانەی کە دەمترسێنن!

[15] شووراکە لە بیست و پێنجی ئەیلول تەواو بوو، بە ماوەی پەنجا و دوو ڕۆژ.

[16] کاتێک هەموو دوژمنەکانمان بیستیان، هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان ترسان و متمانەیان بە خۆیان نەما، زانییان کە ئەم کارە لەلایەن خودامانەوە کراوە.

[17] هەروەها لەو ڕۆژانەدا زۆربەی پیاوماقوڵانی یەهودا نامەیان بۆ تۆڤییا دەنارد و لە تۆڤییاشەوە بۆ ئەوان دەهاتەوە،

[18] چونکە زۆر لە یەهودا هاوپەیمانی بوون، لەبەر ئەوەی ئەو زاوای شەخەنەیای کوڕی ئارەح بوو، یەهۆحانانی کوڕیشی کچی مەشولامی کوڕی بەرەخیای هێنابوو.

[19] هەروەها لەبەردەممدا باسیان لە کارە چاکەکانی ئەو دەکرد و قسەکانی منیان بۆی دەگێڕایەوە. ئینجا تۆڤییا چەند نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی بمترسێنێت.

نەحەمیا — Chapters