[1] ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم،
[2] لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.» من زۆر ترسام،
[3] بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟»
[4] پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟» منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و
[5] بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.»
[6] شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد.
[7] بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا،
[8] هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات بۆ کاریتەی سەر دەروازەکانی قەڵای پەرستگاکە و شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا پێیدام، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو.
[9] ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو.
[10] کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.
[11] هاتمە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ بووم،
[12] ئینجا بە شەو هەستام و لەگەڵ چەند پیاوێکی کەم بەڕێ کەوتم، بە کەسیشم ڕانەگەیاند کە خوداکەم چی خستووەتە دڵمەوە هەتا لە ئۆرشەلیم بیکەم، بێجگە لەو وڵاخەی سواری ببووم هیچ وڵاخێکی دیکەم لەگەڵ نەبوو.
[13] بە شەو لە دەروازەی دۆڵەکە بە بەردەم بیری چەقەڵدا چوومە دەرەوە بۆ لای دەروازەی زبڵ و سەرنجم دایە شووراکانی ئۆرشەلیم کە ڕووخابوون و دەروازەکانی کە سووتابوون.
[14] پاشان پەڕیمەوە بۆ دەروازەی کارێز و بۆ گۆمی پاشا، بەڵام جێگا نەبوو بۆ پەڕینەوەی ئەو وڵاخەی لە ژێرم بوو.
[15] بە شەو بە دۆڵەکەدا سەرکەوتم و سەرنجم دایە شووراکە. دوایی گەڕامەوە و بە دەروازەی دۆڵەکەدا هاتمە ژوورەوە.
[16] کاربەدەستەکان نەیانزانی بۆ کوێ چووم و چیم کرد، هەتا ئەو کاتەش بە کەسم ڕانەگەیاندبوو، جولەکە و کاهین و پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان و ئەو کەسانەش کە دەبێت کارەکە بکەن.
[17] ئینجا پێم گوتن: «ئێوە ئەو خراپەیە دەبینن کە ئێمە تێیداین، کە ئۆرشەلیم کاولە و دەروازەکانی سووتێنراون. وەرن با شوورای ئۆرشەلیم بنیاد بنێینەوە و چیتر نەبینە مایەی ڕیسوایی.»
[18] لەبارەی دەستی چاکەی خوداش کە لەسەرم بوو پێم ڕاگەیاندن، هەروەها قسەکانی پاشا کە پێی گوتبووم. ئەوانیش گوتیان: «با هەستین و بنیادی بنێینەوە.» بازوویان لێ هەڵکرد بۆ چاکە.
[19] بەڵام کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی و گەشەمی عەرەبی ئەمەیان بیستەوە گاڵتە و سووکایەتییان پێکردین و گوتیان: «ئەمە چییە ئێوە دەیکەن؟ ئایا لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوە؟»
[20] منیش وەڵامم دانەوە و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سەرکەوتوومان دەکات و ئێمەش خزمەتکاری ئەوین، هەڵدەستین و بنیادی دەنێینەوە، بەڵام ئێوە هیچ بەش و ماف و یادکردنەوەیەکتان لە ئۆرشەلیم نییە.»