[1] ئەمانەش ئەو کاهین و لێڤییانەن کە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوع سەرکەوتن: سەرایا، یەرمیا، عەزرا،
[2] ئەمەریا، مەلوخ، حەتوش،
[3] شەخەنەیا، ڕەحوم، مەرێمۆت،
[4] عیدۆ، گینەتۆن، ئەبیا،
[5] میامین، مۆعەدیا، بیلگا،
[6] شەمەعیا، یۆیاریڤ، یەدایا،
[7] سەلو، عامۆق، حیلقیا، یەدایا. ئەمانە کاهینەکانی باڵا و هاوکارەکانیان بوون لە سەردەمی یەشوع.
[8] لێڤییەکانیش: یێشوع، بەنوی، قەدمیێل، شێرێڤیا، یەهودا، مەتەنیا کە سەرپەرشتی گۆرانی سوپاسگوزاری دەکرد، خۆی و یاریدەدەرەکانی.
[9] هەروەها بەقبوقیا و عونی و هاوکارەکانیان، کە لە کاتی خزمەت بەرامبەریان ڕادەوەستان.
[10] یەشوع یۆیاقیمی بوو، یۆیاقیمیش ئەلیاشیڤی بوو، ئەلیاشیڤیش یۆیاداعی بوو،
[11] یۆیاداعیش یۆناتانی بوو، یۆناتانیش یەدوەعی بوو.
[12] لە سەردەمی یۆیاقیم گەورەی بنەماڵەکان ئەم کاهینانە بوون: مەرایا گەورەی بنەماڵەی سەرایا بوو، حەنەنیا گەورەی بنەماڵەی یەرمیا بوو،
[13] مەشولام گەورەی بنەماڵەی عەزرا بوو، یەهۆحانان گەورەی بنەماڵەی ئەمەریا بوو،
[14] یۆناتان گەورەی بنەماڵەی مەلوخ بوو، یوسف گەورەی بنەماڵەی شەخەنەیا بوو،
[15] عەدنا گەورەی بنەماڵەی حاریم بوو، حەلقای گەورەی بنەماڵەی مەرێمۆت بوو،
[16] زەکەریا گەورەی بنەماڵەی عیدۆ بوو، مەشولام گەورەی بنەماڵەی گینەتۆن بوو،
[17] زکری گەورەی بنەماڵەی ئەبیا بوو، پیلتای گەورەی بنەماڵەی مینیامین و مۆعەدیا بوو،
[18] شەموع گەورەی بنەماڵەی بیلگا بوو، یەهۆناتان گەورەی بنەماڵەی شەمەعیا بوو،
[19] مەتەنەی گەورەی بنەماڵەی یۆیاریڤ بوو، عوزی گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو،
[20] قەلای گەورەی بنەماڵەی سەلوی بوو، عێبەر گەورەی بنەماڵەی عامۆق بوو،
[21] حەشەڤیا گەورەی بنەماڵەی حیلقیا بوو، نەتەنێل گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو.
[22] ئەوانەی کە لە سەردەمی ئەلیاشیڤ و یۆیاداع و یۆحانان و یەدوەع، گەورەی بنەماڵەکانی لێڤی و کاهینەکان بوون، لە پاشایەتییەکەی داریوشی پاشای فارس تۆمار کران.
[23] ئەوانەش کە هەتا سەردەمی یۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤی گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی لێڤی بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کران.
[24] هەروەها ڕابەری لێڤییەکان ئەمانە بوون: حەشەڤیا، شێرێڤیا و یێشوعی کوڕی قەدمیێل لەگەڵ هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە بەرامبەریان ڕادەوەستان بۆ ستایشکردن و سوپاسگوزاری، نۆبەت بە نۆبەت، بەپێی فەرمانی داودی پیاوی خودا.
[25] مەتەنیا، بەقبوقیا، عۆبەدیا، مەشولام، تەلمۆن و عەقوڤ دەرگاوان بوون، پاسەوانی کۆگاکانی دەروازەکانیان دەکرد.
[26] ئەمانە لە سەردەمی یۆیاقیمی کوڕی یەشوعی کوڕی یۆچاداق خزمەتیان دەکرد، هەروەها لە سەردەمی نەحەمیای پارێزگار و عەزرای کاهین، کە مامۆستای تەورات بوو.
[27] لە کاتی تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم، داوای لێڤییەکانیان کرد لە هەموو شوێنەکانیانەوە بێنە ئۆرشەلیم بۆ گێڕانی ئاهەنگی تەرخانکردن بە خۆشی و گۆرانی سوپاسگوزاری، گۆرانی بە سەنج و قیسارە و سازەوە.
[28] هەروەها گۆرانیبێژەکان کۆکرانەوە، لە ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە گوندەکانی نەتۆفاتییەکان،
[29] لە بێتگلگال و کێڵگەکانی گەڤەع و عەزماڤەتەوە، چونکە گۆرانیبێژەکان لە چواردەوری ئۆرشەلیم گوندیان بنیاد نابوون.
[30] کاهین و لێڤییەکان بەپێی ڕێوڕەسم خۆیان پاککردەوە، ئینجا گەل و دەروازەکان و شووراکەشیان پاککردەوە.
[31] ڕابەرەکانی یەهودام سەرخستە سەر شووراکە و دوو تیپی گەورەی سوپاسگوزارانم ڕاگرت، یەکێکیان بەرەو دەروازەی زبڵ بەلای ڕاستدا ڕۆیشت،
[32] هۆشەعیا و نیوەی ڕابەرەکانی یەهودا بەدوایدا ڕۆیشتن،
[33] لەگەڵ عەزەریا، عەزرا، مەشولام،
[34] یەهودا، بنیامین، شەمەعیا و یەرمیا.
[35] لە نەوەی کاهینەکانیش بە کەڕەناوە، زەکەریای کوڕی یۆناتان کوڕی شەمەعیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میخایو کوڕی زەکور کوڕی ئاساف.
[36] یاریدەرەکانیشیان، ئەوانەی کە بۆ ستایشکردن بوون، شەمەعیا، عەزەرئێل، میلەلەی، گیلەلەی، ماعەی، نەتەنێل و یەهودا و حەنانی، بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پیاوی خوداوە، عەزرای مامۆستای تەوراتیش لەپێشیانەوە بوو.
[37] لەلای دەروازەی کارێز ڕاستەوخۆ لە پێپلیکانەکانی شاری داود بە هەورازەکەی شووراکە سەرکەوتن، لەولاوەی کۆشکی داودیش تێپەڕین هەتا دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات.
[38] تیپی دووەمی سوپاسگوزارانیش بۆ بەرامبەریان ڕۆیشتن، منیش لە دوایانەوە بووم، نیوەی گەلیش لەسەر شووراکە بوون، لەلای قوللەی تەنوورەکانەوە هەتا شوورا پانەکە،
[39] لەسەر دەروازەی ئەفرایم، دەروازەی یەشانا، دەروازەی ماسی، قوللەی حەنەنێل و قوللەی سەد، هەتا دەروازەی مەڕ. لەلای دەروازەی زیندان ڕاوەستان.
[40] پاشان هەردوو تیپە سوپاسگوزارەکە لەلای ماڵی خودا ڕاوەستان، هەروەها من و نیوەی کاربەدەستەکانیش لەگەڵم بوون،
[41] هەروەها کاهینەکانیش، ئەلیاقیم، مەعسێیاهو، مینیامین، میخایو، ئەلیۆعێنەی، زەکەریا، حەنەنیا، بە کەڕەناوە،
[42] هەروەها مەعسێیاهو و شەمەعیا و ئەلعازار و عوزی و یەهۆحانان و مەلکیا و ئیلام و عێزەر، گۆرانیبێژەکانیش بە سەرپەرشتی یەزرەحیا بە دەنگی بەرز گۆرانییان دەگوت.
[43] لەو ڕۆژەدا قوربانی زۆریان سەربڕی و دڵیان خۆش بوو کە خودا بە دڵخۆشییەکی گەورە دڵی خۆش کردبوون، هەروەها ژن و منداڵەکانیش دڵخۆش بوون، دڵخۆشی ئۆرشەلیم لە دوورەوە دەبیسترا.
[44] لەو ڕۆژەدا خەڵکانێک وەک سەرپەرشتیاری ژوورەکانی ئەمبارەکان دانران، بۆ دیاری و یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان، هەتا بەپێی تەورات لە کێڵگەی شارۆچکەکانەوە بۆ کاهین و لێڤییەکان بەشەکانیان تێدا کۆبکەنەوە، چونکە یەهودا دڵخۆش بوو بە کاهین و لێڤییەکان کە ڕاوەستابوون.
[45] ئەرکی خزمەتی خودای خۆیان و ئەرکی پاککردنەوەیان ئەنجام دا، هەروەها گۆرانیبێژەکان و دەرگاوانەکانیش، بەگوێرەی فەرمانی داود و سلێمانی کوڕی،
[46] چونکە لە دێرزەمانەوە، لە سەردەمی داود و ئاسافەوە، سەرپەرشتیاری گۆرانیبێژان و گۆرانی ستایش و سوپاسگوزاری خودا هەبوون.
[47] هەموو نەوەی ئیسرائیلیش لە ماوەی پاشایەتی زروبابل و نەحەمیا بەشی گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکانیان دەدا، بەشی هەر ڕۆژە لە ڕۆژی خۆی. هەروەها بەشی لێڤییەکانی دیکەشیان دەخستە لاوە، لێڤییەکانیش بەشی نەوەی هارونیان دەخستە لاوە.