Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:20

[1] ئەلیاشیڤی سەرۆکی کاهینان و برا کاهینەکانی هەستان و دەروازەی مەڕیان بنیاد ناوە و تەرخانیان کرد، دەرگاکانیشیان ڕاگرت. شووراکەشیان هەتا قوللەی سەد بنیاد ناوە و تەرخانیان کرد، هەروەها هەتا قوللەی حەنەنێل بنیادیان ناوە.

[2] لەتەنیشت ئەوەوە پیاوانی ئەریحا بنیادیان دەنا، لەتەنیشت ئەوانیش زەکوری کوڕی ئیمری بنیادی دەنا.

[3] دەروازەی ماسیش نەوەی هەسەنائا بنیادیان ناوە و سەریان گرت، دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی .

[4] لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەرێمۆتی کوڕی ئوریای هەقۆچ ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەشولامی کوڕی بەرەخیا کوڕی مەشێزەبێل ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە سادۆقی کوڕی بەعنا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.

[5] لەتەنیشت ئەوانیشەوە تەقۆعییەکان ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، بەڵام پیاوماقوڵەکانیان شانیان نەدایە پاڵ خزمەتەکەی یەزدانیان.

[6] بۆ دەروازەی یەشاناش، یۆیاداعی کوڕی پاسێیەح و مەشولامی کوڕی بەسۆدەیا ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، ئەوان سەریان گرت و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.

[7] لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەلەتیای گبعۆنی و یادۆنی مێرۆنۆتی کە خەڵکی گبعۆن و میچپا بوون، لەو شوێنانە کە لەژێر دەستی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە.

[8] لەتەنیشت ئەویشەوە عوزیێلی کوڕی حەرهەیا کە لە زێڕنگەرەکان بوو، ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەنەنیا لە نەوەی عەتارەکان ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئینجا ئۆرشەلیمیان هەتا شوورا بەرینەکە تۆکمە کرد.

[9] لەتەنیشت ئەوانیشەوە ڕەفایای کوڕی حوور، سەرۆکی نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.

[10] لەتەنیشت ئەوانیشەوە یەدایای کوڕی حەرومەف لەبەردەم ماڵەکەی خۆی ڕووخاوییەکەی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەتوشی کوڕی حەشەڤنەیا ڕووخاوییەکەی چاککردەوە.

[11] بەشێکی دیکەش مەلکیای کوڕی حاریم و حەشوڤی کوڕی پەحەت‌مۆئاب چاکیان کردەوە، لەگەڵ قوللەی تەنوورەکانیش.

[12] لەتەنیشت ئەویشەوە شەلومی کوڕی هەڵۆحێش، سەرۆکی نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم، خۆی و کچەکانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە.

[13] دەروازەی دۆڵەکەش حانوون و دانیشتووانی زانۆوەح چاکیان کردەوە، ئەوان بنیادیان ناوە و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی، هەزار باڵیش لە شووراکە هەتا دەروازەی زبڵ.

[14] دەروازەی زبڵیش مەلکیای کوڕی ڕێکابی سەرۆکی ناوچەی بێت‌هاکارەم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە و ئەو بنیادی ناوە، دەرگاکانی بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.

[15] دەروازەی کارێزیش شەللونی کوڕی کۆل‌حوزێ سەرۆکی ناوچەی میچپا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئەو بنیادی ناوە و سەری گرت و دەرگاکانی بە پێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی. هەروەها شووراکەی گۆمی سیلوامی چاککردەوە، هەتا باخچەی پاشا و هەتا پێپلیکانەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ شاری داود.

[16] پاش ئەویش نەحەمیای کوڕی عەزبوقی سەرۆکی نیوەی ناوچەی بێت‌چوور ڕووخاوییەکەی بەرامبەر گۆڕەکانی داودی چاککردەوە، هەتا گۆمە دەستکردەکە و هەتا ماڵی پاڵەوانەکان.

[17] پاش ئەویش لێڤییەکان بە سەرپەرشتی ڕەحومی بانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە و لەتەنیشت ئەویشەوە حەشەڤیای سەرۆکی نیوەی ناوچەی قەعیلا لە بەشەکەی خۆی ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.

[18] پاش ئەویش براکانیان، بەنوی کوڕی حێناداد، سەرۆکی نیوەی ناوچەی قەعیلا ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە.

[19] لەتەنیشت ئەویشەوە عێزەری کوڕی یێشوعی سەرۆکی میچپا بەشێکی دیکەی چاککردەوە لەبەردەم هەورازەکەی جبەخانەکەوە لەلای گۆشەکە.

[20] پاش ئەو باروخی کوڕی زەبەی بە گوڕەوە بەشێکی دیکەی لە گۆشەکەوە هەتا داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.

[21] دوای ئەویش مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کوڕی هەقۆچ بەشێکی دیکەی لە داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤەوە هەتا کۆتایی ماڵەکە چاککردەوە.

[22] پاش ئەویش کاهینەکانی خەڵکی دەشتەکە ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە.

[23] پاش ئەوانیش بنیامین و حەشوڤ بەرامبەری ماڵەکانی خۆیانیان چاککردەوە. پاش ئەمانیش عەزەریای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی عەنانیاش تەنیشت ماڵەکەی خۆی چاککردەوە.

[24] پاش ئەویش بەنوی کوڕی حێناداد بەشێکی دیکەی چاککردەوە، لە ماڵی عەزەریاوە هەتا گۆشەکە و پەناکە.

[25] پالالی کوڕی ئوزەییش لەبەردەم گۆشەکە و قوللەکە کە تەواوکەری کۆشکی باڵای پاشایە ئەوەی هی حەوشەی زیندانەکەیە، لەپاش ئەویشەوە پەدایای کوڕی پەرعۆش.

[26] ئینجا کۆیلە تەرخانکراوەکان ئەوانەی دانیشتووی گردی عۆفەل بوون چاکیان کردەوە هەتا بەردەم دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات لەگەڵ قوللە دەرەکییەکە.

[27] پاش ئەوانیش تەقۆعییەکان بەشێکی دیکەیان چاککردەوە، لە بەرامبەر قوللە دەرەکییە گەورەکە هەتا دیواری عۆفەل.

[28] لەسەر دەروازەی ئەسپەکانیش، کاهینەکان چاکیان کردەوە، هەریەکە و بەرامبەر بە ماڵی خۆی.

[29] پاش ئەوانیش سادۆقی کوڕی ئیمێر بەرامبەری ماڵەکەی خۆی چاککردەوە. پاش ئەویش شەمەعیای کوڕی شەخەنەیا کە چاودێری دەروازەی ڕۆژهەڵات بوو، شووراکەی چاککردەوە.

[30] پاش ئەویش حەنەنیای کوڕی شەلەمیاهو و حانوونی کوڕی شەشەمی چالاف بەشێکی دیکەیان چاککردەوە. پاش ئەوانیش مەشولامی کوڕی بەرەخیا بەرامبەری ژوورەکەی خۆی چاککردەوە.

[31] پاش ئەویش مەلکیا، کە یەکێک بوو لە زێڕنگەرەکان، هەتا ماڵی کۆیلە تەرخانکراوەکانی چاککردەوە، بازرگانەکانیش بەرامبەری دەروازەی پشکنین و خاڵی سەر گۆشەکە.

[32] زێڕنگەر و بازرگانەکان شووراکەیان لەنێوان خاڵی سەر گۆشەکە هەتا دەروازەی مەڕ چاککردەوە.

نەحەمیا — Chapters