[1] کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد.
[2] لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون دەیانژیێننەوە؟»
[3] تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»
[4] «ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە بووینە مایەی سووکایەتی، توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتی تاڵان بکرێن.
[5] تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان لەبەردەم بنیادنەراندا پەستیان کردیت.»
[6] جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.
[7] ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو کەلێنەکان پڕ دەکرێنەوە، زۆر ڕقیان هەستا.
[8] جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە.
[9] ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.
[10] لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»
[11] ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»
[12] ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، هاتن و دە جار پێیان گوتین: «ئێوە ئاوڕ لە هەرکوێیەک بدەنەوە، ئەوان لەسەرمان دەبن.»
[13] ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.
[14] ئینجا سەیرم کرد و هەستام بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»
[15] دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.
[16] لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و سپەریان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد.
[17] بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت.
[18] بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.
[19] ئینجا بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین.
[20] لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»
[21] ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت.
[22] هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.»
[23] جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەریەکە و بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچووین.