[1] کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان.
[2] ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام لەمەودوا ئیسرائیل هیوای هەیە:
[3] با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت.
[4] هەستە! چونکە ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!»
[5] ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد.
[6] پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا.
[7] ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە،
[8] بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە.
[9] لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتە لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە.
[10] ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل.
[11] ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.»
[12] هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین.
[13] بەڵام گەلەکە زۆرن و کاتەکەش کاتی بارانە و توانای ئەوەمان نییە لە دەرەوە ڕاوەستین، کارەکەش کاری یەک دوو ڕۆژ نییە، چونکە لەم بارەیەوە یاخیبوونی زۆرمان کردووە.
[14] تکایە با کاربەدەستەکانمان لە جێی هەموو کۆمەڵەکە ڕاوەستن و هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانمان ژنی بێگانەیان هێناوە، با لە کاتی دیاریکراودا لەگەڵ پیران و دادوەرانی شارەکەی خۆیان بێن، هەر شارە و بە تەنها، هەتا گڕی تووڕەیی خودامان کە بەهۆی ئەم کارەوەیە لێمان دامرکێتەوە.»
[15] تەنها یۆناتانی کوڕی عەساهێل و یەحزەیای کوڕی تیقڤا لە دژی ئەمە ڕاوەستان، مەشولام و شەبەتەی کە هەردووکیان لێڤی بوون پشتگیرییان کردن.
[16] ئینجا ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە ئاوایان کرد، عەزرای کاهین و ئەو پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکان بوون جیا بوونەوە، بەپێی بنەماڵەکانیان و هەموویان بە ناوی خۆیان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی دە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دانیشتن.
[17] لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەک لە بابەتی هەموو ئەو پیاوانە بوونەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو.
[18] لەنێو کاهینەکان چەند کەسێکیان بینییەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو: لە نەوەی یەشوعی کوڕی یۆچاداق و براکانی: مەعسێیاهو، ئەلیعەزەر، یاریڤ و گەدەلیاهو.
[19] بەڵێنیان دا کە ژنە بێگانەکانیان دەربکەن و لەبەر تاوانەکەیان بەرانێکی مێگەلیان پێشکەش کرد.
[20] لە نەوەی ئیمێر: حەنانی و زەڤەدیا.
[21] لە نەوەی حاریم: مەعسێیاهو، ئەلیاس، شەمەعیا، یەحیێل و عوزیا.
[22] لە نەوەی پەشحور: ئەلیۆعێنەی، مەعسێیاهو، ئیسماعیل، نەتەنێل، یۆزاڤاد و ئەلعاسا.
[23] لە لێڤییەکان: یۆزاڤاد، شیمعی، قێلایا کە قەلیتایە، پەتەحیا، یەهودا و ئەلیعەزەر.
[24] لە گۆرانیبێژەکان: ئەلیاشیڤ. لە دەرگاوانەکان: شەلوم، تەلەم و ئوری.
[25] لەنێو ئیسرائیلییەکانی دیکەش: لە نەوەی پەرعۆش: ڕەمیا، یەزییا، مەلکیا، میامین، ئەلعازار، مەلکیا و بەنایا.
[26] لە نەوەی ئیلام: مەتەنیا، زەکەریا، یەحیێل، عەبدی، یەرێمۆت و ئەلیاس.
[27] لە نەوەی زەتو: ئەلیۆعێنەی، ئەلیاشیڤ، مەتەنیا، یەرێمۆت، زاڤاد و عەزیزا.
[28] لە نەوەی بێڤەی: یەهۆحانان، حەنەنیا، زەبەی و عەتلای.
[29] لە نەوەی بانی: مەشولام، مەلوخ، عەدایا، یاشوڤ، شەئال و یەرێمۆت.
[30] لە نەوەی پەحەتمۆئاب: عەدنا، کەلال، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتەنیا، بەسەلئێل، بەنوی و مەنەشە.
[31] لە نەوەی حاریم: ئەلیعەزەر، یەشییا، مەلکیا، شەمەعیا، شیمەعۆن،
[32] بنیامین، مەلوخ و شەمەریاهو.
[33] لە نەوەی حاشوم: مەتەنەی، مەتەتا، زاڤاد، ئەلیفەلەت، یەرێمەی، مەنەشە و شیمعی.
[34] لە نەوەی بانی: مەعەدەی، عەمرام، ئوئێل،
[35] بەنایا، بێدەیا، کەلووهی،
[36] ڤەنیا، مەرێمۆت، ئەلیاشیڤ،
[37] مەتەنیا، مەتەنەی و یەعەسۆ.
[38] لە نەوەی بەنوی: شیمعی،
[39] شەلەمیاهو، ناتان، عەدایا،
[40] مەخنەدەڤەی، شاشەی، شارای،
[41] عەزەرئێل، شەلەمیاهو، شەمەریاهو،
[42] شەلوم، ئەمەریا و یوسف.
[43] لە نەوەی نەبۆ: یەعیێل، مەتیسیا، زاڤاد، زەڤینا، یەدەی، یۆئێل و بەنایا.
[44] هەموو ئەوانە ژنی بێگانەیان هێنابوو، هەروەها هەندێک لە ژنەکان منداڵیان ببوو.