Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:36

[1] کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گەل وەک یەک کەس لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە.

[2] یەشوعی کوڕی یۆچاداق و برا کاهینەکانی، لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و هاوکارەکانی، دەستیان بە بنیادنانەوەی قوربانگاکەی خودای ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندنی لەسەر پێشکەش بکەن، هەروەک لە تەوراتی موسای پیاوی خودا نووسراوە.

[3] لەگەڵ ئەوەی ترسی گەلانی دەوروبەری لە دڵدا بوو، قوربانگاکەیان لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد نایەوە و قوربانی سووتاندنیان لەسەری بۆ یەزدان پێشکەش کرد، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و ئێواران.

[4] جەژنی کەپرەشینەشیان گێڕا، بەپێی ئەوەی نووسرا بوو، قوربانی سووتاندنی ڕۆژ بە ڕۆژ، بە ژمارە و بەپێی ئەوەی دیاری کرابوو، کاری هەر ڕۆژە لە ڕۆژی خۆیدا.

[5] پاشان قوربانی سووتاندنی بەردەوام و قوربانی سەرەمانگ و قوربانی هەموو جەژنە پیرۆزەکانیشیان پێشکەش کرد، بێجگە لە بەخشینە ئازادەکان کە هەر یەکێک بە خواستی دڵی خۆی پێشکەشی دەکرد.

[6] لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوتەوە دەستیان پێ کرد قوربانی سووتاندن پێشکەش بە یەزدان بکەن، پەرستگای یەزدانیش هێشتا دانەمەزرابوو.

[7] زیویان دایە نەقاڕ و دارتاشەکان، هەروەها خواردن و خواردنەوە و زەیتیان دایە سەیدائی و سورییەکان بۆ ئەوەی داری ئورز بە ڕێی دەریادا لە لوبنانەوە بهێننە یافا، بەپێی ئەو موڵەتەی کۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.

[8] لە ساڵی دووەمی هاتنیان بۆ ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم، لە مانگی دوو، زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل، لەگەڵ یەشوعی کوڕی یۆچاداق و پاشماوەی برا کاهین و لێڤییەکانیان و هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە ئۆرشەلیم، دەستیان بە کار کرد. ئەو لێڤییانەیان دانا کە لە بیست ساڵ و بەرەو سەروو بوون، بۆ چاودێریکردنی کارەکەی ماڵی یەزدان.

[9] هەروەها یەشوع و کوڕ و براکانی، قەدمیێل و کوڕەکانی لە نەوەی هۆدەیڤاهو، هەروەها نەوەی حێناداد و کوڕ و براکانی کە هەموویان لێڤی بوون، پێکەوە ڕاوەستان بۆ چاودێریکردنی ئەو کرێکارانەی کارەکەی ماڵی خودایان دەکرد.

[10] کە بیناسازەکان بناغەی پەرستگاکەی یەزدانیان دامەزراند، بەپێی ڕێکخستنەکەی داودی پاشای ئیسرائیل کاهینەکان بە جلوبەرگ و کەڕەناوە چوونە شوێنی خۆیان، هەروەها لێڤییەکانی نەوەی ئاسافیش بە سەنجەوە چوونە شوێنی ستایشکردن.

[11] بە ستایش و سوپاسەوە گۆرانییان بۆ یەزدان گوت: «بێگومان خودا چاکە، بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.» هەموو گەلیش بە دەنگی بەرز بە ستایشەوە هاواریان بۆ یەزدان دەکرد، لەبەر دامەزراندنی ماڵی یەزدان.

[12] بەڵام زۆربەی کاهین و لێڤی و گەورەی بنەماڵەکان کە پیر بوون، ئەوانەی پەرستگاکەی یەکەمیان بینیبوو، لە کاتی دامەزراندنی ئەم پەرستگایە لەپێش چاویاندا بە دەنگێکی بەرز گریان، زۆریش هەبوو بە دەنگی بەرز هاواری خۆشییان دەکرد.

[13] کەس نەیدەتوانی هاواری خۆشی لە دەنگی گریان جیا بکاتەوە، چونکە گەل بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، تەنانەت لە دووریشەوە دەنگەکە دەبیسترا.

عەزرا — Chapters