[1] کە شەممە بەسەرچوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب، بۆنوبەرامیان کڕی تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن.
[2] لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە.
[3] بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
[4] بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.
[5] چوونە ناو گۆڕەکە، گەنجێکیان بینی لەلای ڕاست دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئەوانیش تاسان.
[6] پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراو دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا.
[7] بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
[8] ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و بە خێرایی گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان. ⌟
[9] دوای ئەوەی بەیانی زوو لە یەکەمی هەفتە عیسا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو.
[10] ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ ئەودا بوون، شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان.
[11] کاتێک بیستیان عیسا زیندووە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.
[12] دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لەوان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون.
[13] جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.
[14] پاشان عیسا بۆ یازدەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.
[15] پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن.
[16] ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت.
[17] ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن،
[18] بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»
[19] لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستە ڕاستی خودا دانیشت.
[20] ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.⌞