Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 7:43

[1] دەستی پێکرد بە نموونە قسەیان بۆ بکات: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، دەوروپشتەکەی پەرژین کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد.

[2] لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت.

[3] بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە.

[4] دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ ناردن، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد.

[5] یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.

[6] «یەکێکی مابوو، کوڕە خۆشەویستەکەی، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

[7] «بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“

[8] ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.

[9] «خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.

[10] ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە: «[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە .

[11] ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە] ؟»

[12] کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.

[13] کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن.

[14] هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕووی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟»

[15] بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.»

[16] هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.»

[17] عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئینجا لێی سەرسام بوون.

[18] سەدوقییەکان ، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد:

[19] «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین ، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.

[20] حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد.

[21] دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا.

[22] هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.

[23] لە هەستانەوەدا، ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»

[24] عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە هێزی خودا؟

[25] کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.

[26] بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم]؟

[27] ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»

[28] یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان دەکرد، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»

[29] عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: [ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،

[30] جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.]

[31] لەدوای ئەویش ئەمەیە، [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،] هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»

[32] مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە.

[33] خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیک وەک خۆت، لە هەموو قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان باشترە.»

[34] عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.

[35] کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟

[36] داود خۆی بە ڕۆحی پیرۆزەوە گوتی: «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“]

[37] داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟» خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.

[38] لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت،

[39] لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن.

[40] ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

[41] عیسا بەرامبەر گەنجینە دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا.

[42] بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە .

[43] قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە،

[44] چونکە هەموو لە زیادەی خۆیان بەخشیان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس — Chapters