[1] پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە ناو کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە.
[2] خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو. ئەویش وشەی خودای بۆیان ڕاگەیاند.
[3] لەو کاتەدا ئیفلیجێکیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو.
[4] بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.
[5] کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.»
[6] هەندێک مامۆستایانی تەورات لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا بیریان دەکردەوە:
[7] «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
[8] دەستبەجێ عیسا لە ناخی خۆیدا زانی لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟
[9] کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بڵێی: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بڵێی: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟
[10] بەڵام تاکو بزانن، کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو:
[11] «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
[12] ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»
[13] دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش فێری دەکردن.
[14] لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام کەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
[15] کاتێک لە ماڵی ئەو دانیشتبوو زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون.
[16] کاتێک مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
[17] کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
[18] کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
[19] عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن.
[20] بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
[21] «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەبێت.
[22] کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
[23] لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە.
[24] فەریسییەکان پێیان گوت: «بڕوانە، بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟»
[25] عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟
[26] لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆک کاهین، داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.»
[27] ئینجا پێی فەرموون: «شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەوەک مرۆڤ بۆ شەممە.
[28] کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»