[1] جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن،
[2] گوتیان: «بەڵام نەک لە جەژندا، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»
[3] کاتێک عیسا لە گوندی بێتعەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند.
[4] بەڵام هەندێک زویر بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟
[5] دەتوانرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد.
[6] بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆ بێزاری دەکەن؟ کارێکی چاکی بۆ من کرد.
[7] هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.
[8] ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد.
[9] ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
[10] یەهوزای ئەسخەریوتی یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
[11] کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو بە گرتنی بدات.
[12] ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەژنی فەتیرە، کە بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»
[13] ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد، پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون.
[14] لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“
[15] ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.»
[16] قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، وەک پێی فەرمووبوون بینییان و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
[17] کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات.
[18] پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.»
[19] خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ من نیم؟»
[20] پێی فەرموون: «یەکێکە لە دوازدەکە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە.
[21] کوڕی مرۆڤ دەبێت وەکو لەسەری نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»
[22] کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەرگرن، ئەمە جەستەی منە.»
[23] ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد و پێیدان، هەموو لێیان خواردەوە.
[24] پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت.
[25] ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.»
[26] ئینجا گۆرانی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.
[27] عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «[لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرت دەبن.]
[28] بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»
[29] پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.»
[30] عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.»
[31] بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.
[32] چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.»
[33] ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد.
[34] پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و شەوارە بگرن.»
[35] کەمێک دوورکەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر ببێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت.
[36] فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە. بەڵام نەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو ئەوەی تۆ دەتەوێت.»
[37] گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک شەوارە بگریت؟
[38] شەوارە بگرن و نوێژ بکەن، نەوەک تاقی بکرێنەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.»
[39] دیسان ڕۆیشت و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە.
[40] دیسان گەڕایەوە بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە.
[41] سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران.
[42] هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»
[43] دەستبەجێ، کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یەهوزا یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، گەیشت. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو.
[44] ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.»
[45] هەر کە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!» و ماچی کرد.
[46] ئیتر قۆڵبەستیان کرد و گرتییان.
[47] بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینی دا و گوێی بڕی.
[48] عیساش پێی فەرموون: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟
[49] ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.»
[50] ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
[51] گەنجێک دوای عیسا کەوت پارچە کەتانێکی لەبەر بوو ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک ئەویان گرت،
[52] کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد.
[53] عیسایان بردە لای سەرۆک کاهین، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە.
[54] پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە.
[55] کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو بیکوژن، بەڵام دەستیان نەکەوت.
[56] کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان کۆک نەبوو.
[57] هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان:
[58] «گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکرد نەبێت.“»
[59] لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو.
[60] سەرۆک کاهینیش لەناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەوانە شایەتی چی لە دژت دەدەن؟»
[61] بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆک کاهین لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟»
[62] عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەگەڵ هەوری ئاسماندا دێتەوە. »
[63] سەرۆک کاهین جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟
[64] خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە.
[65] هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.
[66] پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆک کاهین هات.
[67] پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕووانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.»
[68] بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. ⌟ئینجا کەڵەشێر خوێندی.⌞
[69] کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.»
[70] دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان دەگوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.»
[71] دەستی کرد بە نەفرەتلێکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.»
[72] دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا.