[1] لەو ڕۆژانەدا دیسان خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەبوو هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون:
[2] «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن.
[3] ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»
[4] قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»
[5] لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت.»
[6] ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی برد و سوپاسی خودای کرد، لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد.
[7] چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت.
[8] ئیتر خواردیان و تێربوون، حەوت سەبەتە پەلکەنانیان هەڵگرتەوە.
[9] نزیکەی چوار هەزار دەبوون، ئینجا بەڕێی کردن.
[10] پاشان یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.
[11] فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
[12] لە قووڵایی ڕۆحیدا هەناسەیەکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.»
[13] ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.
[14] قوتابییەکان لەبیریان چووبوو نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو.
[15] عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»
[16] لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێنییە.»
[17] عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێنییە؟ ئایا هێشتا جیا ناکەنەوە و تێناگەن؟ ئایا دڵڕەقن؟
[18] خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟
[19] کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»
[20] «کاتێک حەوتەکەش بۆ چوار هەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»
[21] ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»
[22] هاتنە بێتسەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات.
[23] ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»
[24] سەیری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»
[25] دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە، هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی.
[26] ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»
[27] عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»
[28] وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»
[29] لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت .»
[30] جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.
[31] ئینجا دەستی بە فێرکردنیان کرد کە کوڕی مرۆڤ دەبێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.
[32] بە ئاشکرا قسەکەی کرد، پەترۆسیش هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.
[33] بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»
[34] ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.
[35] ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، ژیانی دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ژیانی ڕزگار دەکات.
[36] چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟
[37] یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟
[38] ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش کاتێک بە شکۆی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە شەرمی پێی دەبێت.»