[1] ئینجا عیسا ئەوێی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون. دیسان خەڵک لێی کۆبوونەوە، وەک نەریتی خۆی فێری دەکردن.
[2] هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
[3] وەڵامی دایەوە: «موسا فەرمانی چی پێ کردوون؟»
[4] گوتیان: «موسا ڕێی داوە تەڵاقنامە بنووسرێت و تەڵاق بکەوێت.»
[5] بەڵام عیسا پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین.
[6] بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا [بە نێر و مێ بەدیهێنان.]
[7] [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت،
[8] ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.] کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن.
[9] لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
[10] لە ماڵەوەش، قوتابییەکان دیسان لەم بارەیەوە لێیان پرسی.
[11] پێی فەرموون: «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی بەرامبەری دەکات.
[12] ئەگەر ژن مێردەکەی تەڵاق بدات و مێرد بە یەکێکی دیکە بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
[13] خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت . بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
[14] کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.
[15] ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
[16] منداڵەکانیشی لە باوەش کرد، دەستی لەسەر دانان و بەرەکەتی پێدان.
[17] کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات بگرم؟»
[18] عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
[19] ڕاسپاردەکان دەزانیت: [مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، قۆڵبڕی مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.] »
[20] ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە مێردمنداڵییەوە هەموو ئەمانەم پاراستووە.»
[21] عیسا سەیری کرد و خۆشی ویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ چیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.»
[22] بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
[23] عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناوەوەی شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند سەختە!»
[24] قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونەناو شانشینی خودا چەند سەختە!
[25] ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
[26] جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
[27] عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
[28] پەترۆس دەستی پێکرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.»
[29] عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ یان برا یان خوشک یان دایک یان باوک یان منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت،
[30] ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ و برا و خوشک و دایک و منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.
[31] بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
[32] بە ڕێگاوە بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی دابڕی و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت.
[33] فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست نەتەوەکان،
[34] گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»
[35] یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.»
[36] ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
[37] وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.»
[38] بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم ؟»
[39] وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن.
[40] بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.»
[41] کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە یاقوب و یۆحەنا تووڕە بوون،
[42] بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکان دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن.
[43] بەڵام لەنێو ئێوە ئاوا نابێت، ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان.
[44] ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان،
[45] چونکە کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
[46] ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو.
[47] کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
[48] زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
[49] عیسا ڕاوەستا، فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.»
[50] ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستایەوە، هاتە لای عیسا.
[51] عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، با ببینم.»
[52] عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.