Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:06

[1] کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»

[2] عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

[3] کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی:

[4] «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ و نیشانە چییە کە خەریکە هەموو ئەمانە تەواو بن؟»

[5] عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات.

[6] زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەس چەواشە دەکەن.

[7] کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.

[8] نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات، هەروەها قاتوقڕی، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە.

[9] «ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەتاندەنە دادگا و کەنیشتەکان، جا لێتان دەدرێت و لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشاکان لە پێناوی من ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆیان.

[10] هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.

[11] کاتێکیش دەتانبەن بۆ ئەوەی بەدەستەوەتان بدەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان دەدرێتێ بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.

[12] «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی، منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن.

[13] لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

[14] «کاتێک [قێزەونی وێرانکەر] دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕابکەنە چیاکان،

[15] ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەکەی هەڵبگرێت،

[16] هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.

[17] لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران!

[18] نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت،

[19] چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات، لە سەرەتای بەدیهێنراوانەوە کە خودا بەدیهێنان، هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

[20] «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە.

[21] ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن،

[22] چونکە مەسیحە درۆزنەکان و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن.

[23] بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

[24] «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە، «[خۆر تاریک دەبێت و مانگ ڕووناکییەکەی نادات،

[25] ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.]

[26] «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.

[27] ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە کۆدەکاتەوە، لەم پەڕی زەوییەوە هەتا ئەو پەڕی ئاسمان.

[28] «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە.

[29] ئێوەش، کاتێک دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.

[30] ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.

[31] ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

[32] «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت.

[33] کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت.

[34] وەک پیاوێک گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.

[35] «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی.

[36] نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون.

[37] جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس — Chapters