[1] ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێتەوە.»
[2] دوای شەش ڕۆژ، عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، بە تەنها بردنییە سەر چیایەکی بەرز، لەپێشیان شێوەی گۆڕا.
[3] جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات.
[4] ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
[5] پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
[6] نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون.
[7] هەورێکیش هات و سێبەری بەسەریاندا کرد، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»
[8] کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.
[9] کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە.
[10] ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»
[11] پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
[12] عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟
[13] بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
[14] کاتێک گەیشتنە لای قوتابییەکان، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن.
[15] کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد و سڵاویان لێکرد.
[16] عیسا لێی پرسین: «لەبارەی چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
[17] یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە.
[18] لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
[19] عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
[20] ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
[21] عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» گوتی: «لە منداڵییەوە.
[22] زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر و ناو ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»
[23] عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
[24] یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
[25] عیسا کە بینی خەڵکەکە ڕاکەڕاکەیانە، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
[26] ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.»
[27] بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
[28] عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
[29] پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
[30] لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت،
[31] چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»
[32] بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.
[33] ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟»
[34] بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.
[35] عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
[36] ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون:
[37] «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
[38] یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
[39] عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات،
[40] چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە.
[41] ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
[42] «ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە.
[43] ئەگەر دەستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. ⌟
[44] لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞
[45] ئەگەر پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. ⌟
[46] لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞
[47] ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی دوو چاوت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
[48] «[لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.]
[49] هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
[50] «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»