Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:18

[1] ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین.

[2] کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووشبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو،

[3] لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش.

[4] زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.

[5] شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.

[6] کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد.

[7] بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!»

[8] چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»

[9] ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە ، چونکە ئێمە زۆرین.»

[10] زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.

[11] لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان،

[12] ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.»

[13] ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار دەبوون، بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.

[14] بەرازەوانەکان ڕایانکرد، هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە.

[15] هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، جا ترسان.

[16] ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و کەسەکە هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە.

[17] ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.

[18] کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت.

[19] ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بڕۆ ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.»

[20] جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.

[21] دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لەدەم ئاوەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە.

[22] یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و

[23] زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.»

[24] عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.

[25] ژنێک دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو.

[26] بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو.

[27] باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا،

[28] چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»

[29] دەستبەجێ خوێن لێچوونەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.

[30] یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»

[31] قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»

[32] بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد.

[33] ژنەکەش بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەمووی بە ڕاستی پێ گوت.

[34] ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»

[35] کاتێک عیسا قسەی دەکرد، کەسانێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن، گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»

[36] بەڵام عیسا گوێی بە قسەکەیان نەدا، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»

[37] نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت.

[38] هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە.

[39] چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، نوستووە.»

[40] بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو.

[41] دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» واتە: «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!»

[42] کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون.

[43] بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.

مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس — Chapters