Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 11:20

[1] ئەی ساوفیلۆسی پایەبەرز، زۆر کەس هەستان بە داڕشتنی چیڕۆکی ئەو شتانەی لەلای ئێمە هاتنە دی،

[2] وەک ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پێمان گەیشت کە لە سەرەتاوە شایەتحاڵ و خزمەتکاری پەیامەکە بوون.

[3] لەدوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد، ئێستاش بە باشم زانی بە ڕیزبەندی بۆت بنووسم،

[4] تاکو لە ڕاستی ئەو قسانە دڵنیابی کە فێرکراوی.

[5] لەو سەردەمەی هێرۆدسی باوک پاشای یەهودیا بوو، کاهینێک لە نۆرەی نەوەی ئەبیا هەبوو ناوی زەکەریا، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو.

[6] هەردووکیان لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی یەزدان.

[7] بەڵام منداڵیان نەدەبوو، چونکە ئەلیسابات نەزۆک بوو، هەردووکیشیان بە ساڵدا چووبوون.

[8] کاتێک زەکەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا کاروباری کاهینیێتی جێبەجێ دەکرد لەبەردەم خودا،

[9] بەگوێرەی نەریتی کاهینیێتی ، تیروپشکی کەوتە سەر تاکو بچێتە ناو پەرستگای یەزدان و بخوور بسووتێنێت.

[10] لە کاتی سووتانی بخوورەکەدا، خەڵکی هەموو لە دەرەوە نوێژیان دەکرد.

[11] لەوێ فریشتەیەکی یەزدانی بۆ دەرکەوت، لەلای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوەستابوو.

[12] کاتێک زەکەریا فریشتەکەی بینی، پەشۆکا و ترسی لێ نیشت.

[13] بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا .

[14] ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن،

[15] چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و

[16] زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە.

[17] بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت ، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.»

[18] زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «بە چی ئەمە بزانم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟»

[19] فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ.

[20] ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.»

[21] خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا.

[22] کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە.

[23] کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ.

[24] دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت:

[25] «یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.»

[26] کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو،

[27] بۆ لای پاکیزەیەکی مارەبڕاو لە پیاوێک لە بنەماڵەی داود کە ناوی یوسف بوو، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو.

[28] جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵدایە.»

[29] بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە، دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت.

[30] فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا.

[31] ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا.

[32] پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە.

[33] هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.»

[34] بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟»

[35] فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت.

[36] ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە،

[37] چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.»

[38] مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.

[39] لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا.

[40] چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد.

[41] کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز.

[42] ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت!

[43] ئەم شکۆیەم لەکوێوە بۆ هات، هەتا دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟

[44] چونکە هەر کە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە.

[45] خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.»

[46] مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات،

[47] ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،

[48] چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،

[49] چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو.

[50] بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە.

[51] بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.

[52] تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە.

[53] برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.

[54] بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە

[55] لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»

[56] مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

[57] ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو.

[58] جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون.

[59] لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا.

[60] بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا .»

[61] پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.»

[62] ئینجا ئیشارەتیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت.

[63] تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون.

[64] دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، قسەی کرد و ستایشی خودای دەکرد.

[65] هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوو بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی.

[66] هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو.

[67] زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد، گوتی:

[68] «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە .

[69] هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە، لە بنەماڵەی داودی بەندەی،

[70] وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،

[71] بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و هەموو ناحەزانمان،

[72] هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،

[73] واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:

[74] کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و بێ ترس ئەو بپەرستین،

[75] هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین.

[76] «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،

[77] تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،

[78] بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،

[79] تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»

[80] منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە‏ چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.

مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا — Chapters