[1] لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو،
[2] لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات.
[3] ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین.
[4] وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: [کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
[5] هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و سەختەکانیش ئاسان دەبن،
[6] هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!]
[7] یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
[8] با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.
[9] ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»
[10] خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»
[11] وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»
[12] باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»
[13] پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.»
[14] سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە موچەکانتان ڕازی بن.»
[15] گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت.
[16] یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت .
[17] شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی ، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
[18] بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.
[19] بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی،
[20] ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد.
[21] کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا، کە نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە،
[22] ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
[23] کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی، کوڕی هەلی،
[24] کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی، کوڕی مەلکی، کوڕی یەننا، کوڕی یوسف،
[25] کوڕی مەتاسیا، کوڕی ئامۆس، کوڕی ناحوم، کوڕی هەسلی، کوڕی نەجای،
[26] کوڕی ماس، کوڕی مەتاسیا، کوڕی شیمین، کوڕی یوسف، کوڕی یەهوزا،
[27] کوڕی یواننا، کوڕی ڕیسا، کوڕی زروبابل، کوڕی شەئەلتیێل، کوڕی نیری،
[28] کوڕی مەلکی، کوڕی ئادی، کوڕی کوسام، کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر،
[29] کوڕی یەشوع، کوڕی ئەلیعەزەر، کوڕی یوریم، کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی،
[30] کوڕی شیمۆن، کوڕی یەهودا، کوڕی یوسف، کوڕی یۆنام، کوڕی ئەلیاقیم،
[31] کوڕی مەلیا، کوڕی مەننا، کوڕی مەتاسا، کوڕی ناتان، کوڕی داود،
[32] کوڕی یەسا، کوڕی عوبێد، کوڕی بۆعەز، کوڕی سەلمۆن، کوڕی نەحشۆن،
[33] کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام ، کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز، کوڕی یەهودا،
[34] کوڕی یاقوب، کوڕی ئیسحاق، کوڕی ئیبراهیم، کوڕی تارەح، کوڕی ناحۆر،
[35] کوڕی سەروگ، کوڕی ڕەعو، کوڕی پەلەگ، کوڕی عێبەر، کوڕی شالەح،
[36] کوڕی کێنان، کوڕی ئەرپەکشاد، کوڕی سام، کوڕی نوح، کوڕی لامەخ،
[37] کوڕی مەتوشالح، کوڕی حەنۆخ، کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل، کوڕی قێنان،
[38] کوڕی ئەنۆش، کوڕی شیت، کوڕی ئادەم، کوڕی خودایە.