Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 7:17

[1] عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد.

[2] چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی دەکردەوە. بە درێژایی ئەو ڕۆژانە هیچی نەخوارد، کاتێک ماوەکە تەواو بوو برسی بوو.

[3] ئیبلیس پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان.»

[4] عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت.] »

[5] ئینجا ئیبلیس عیسای بردە شوێنێکی بەرز و لە چاوتروکانێکدا هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا و

[6] پێی گوت: «هەموو ئەم دەسەڵات و شکۆیەی ئەوان دەدەمە تۆ، چونکە دراوەتە من و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت.

[7] لەبەر ئەوە ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت.»

[8] عیساش وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.] »

[9] ئینجا ئیبلیس بۆ ئۆرشەلیمی برد و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە.

[10] لەبەر ئەوەی نووسراوە: «[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی بتپارێزن،

[11] لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.] »

[12] عیساش وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.] »

[13] کاتێک ئیبلیس هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بەجێی هێشت هەتا دەرفەتێکی دیکە.

[14] عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.

[15] لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد.

[16] هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا.

[17] پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:

[18] «[ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات، چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران، منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بەدیلگیراون، هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران، بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و

[19] ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان.] »

[20] ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو.

[21] دەستی کرد بە قسەکردن و گوتی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»

[22] هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»

[23] عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»

[24] هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت.

[25] لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ‏ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە،

[26] بەڵام ئەلیاس بۆ ئەوان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەند لە ناوچەی سەیدا.

[27] لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»

[28] هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون.

[29] دەریانکردە دەرەوەی شار، بردییانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە.

[30] بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.

[31] پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد.

[32] لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.

[33] لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد:

[34] «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»

[35] عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.

[36] خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.»

[37] ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.

[38] عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، لەبەر ئەو تکایان لێکرد.

[39] ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستایەوە و خزمەتی کردن.

[40] کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە.

[41] ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.

[42] کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات.

[43] بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.»

[44] ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.

مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا — Chapters