[1] ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگا.
[2] بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی.
[3] ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا.
[4] هەموو ئەوانەی دیکە ئەوەی لە خۆیان زیادەیە بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»
[5] هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون:
[6] «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»
[7] ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن، چ نیشانەیەک لە کاتی نزیکبوونەوەیاندا دەردەکەوێت؟»
[8] فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون.
[9] کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»
[10] ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین.
[11] لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.
[12] «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، دەدرێنە کەنیشت و بەندیخانەکان، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە لای پاشا و فەرمانڕەواکان.
[13] بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن.
[14] ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن،
[15] چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵسکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە.
[16] تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن.
[17] لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە.
[18] بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت.
[19] بە خۆڕاگرتنتان خۆتان دەبەنەوە.
[20] «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە.
[21] ئینجا با ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار،
[22] چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی.
[23] لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر ژنی دووگیان یان شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە.
[24] بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.
[25] «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل.
[26] لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن.
[27] ئەوسا کوڕی مرۆڤ بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە بەسەر هەورەوە دەبینن دێت.
[28] کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان نزیک دەبێتەوە.»
[29] نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن.
[30] کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە.
[31] ئێوەش کە دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن پاشایەتی خودا نزیکە.
[32] «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
[33] ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»
[34] «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات،
[35] چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون.
[36] کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»
[37] عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن بوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون.
[38] هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.