Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:27

[1] هەر لەو کاتەدا هەندێک لەوێ بوون، باسی ئەو جەلیلییانەیان بۆ عیسا کرد کە پیلاتۆس خوێنی لەگەڵ قوربانییەکانیان تێکەڵاو کرد.

[2] عیسا وەڵامی دایەوە: «وادەزانن ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییەکانی دیکە گوناهبارتر بوون، چونکە بەم شێوەیە ئازاریان چێژت؟

[3] پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.

[4] یان ئەو هەژدە کەسەی لە سیلوام قوللەکەیان بەسەردا کەوت و کوشتنی، لە هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم گوناهبارتر بوون؟

[5] من پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.»

[6] ئینجا ئەم نموونەیەی باسکرد: «کابرایەک دار هەنجیرێکی لە ڕەزەکەیدا چاندبوو، بۆ بەرهەم هات و پێوەی نەبینی.

[7] بە ڕەزەوانەکەی گوت: ”تەماشا بکە، سێ ساڵە بۆ بەری ئەم دار هەنجیرە دێم و پێوەی نابینم! بیبڕەوە، بۆچی زەویش داگیر بکات؟“

[8] «ڕەزەوانەکە وەڵامی دایەوە: ”گەورەم، ئەم ساڵیش وازی لێبهێنە، تاکو دەوروبەری هەڵدەگێڕمەوە و پەیینی پێدا دەکەم.

[9] بەڵکو دواتر بەر بگرێت، ئەگینا بیبڕەوە.“»

[10] عیسا لە ڕۆژی شەممەدا لە یەکێک لە کەنیشتەکان خەریکی فێرکردن بوو،

[11] ژنێک بەهۆی ڕۆحێکی پیسەوە هەژدە ساڵ نەخۆش بوو، قەمبوور بوو و هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی ڕاستبێتەوە.

[12] عیسا ژنەکەی بینی، بانگی کرد: «خانم، لە نەخۆشییەکەت ئازاد کرایت.»

[13] ئینجا هەردوو دەستی خستە سەری و دەستبەجێ ڕاستبووەوە و ستایشی خودای کرد.

[14] پێشەوای کەنیشتیش تووڕە بوو کە عیسا لە شەممەدا خەڵکی چاککردەوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ هەیە کە پێویستە کاریان تێدا بکرێت، لەواندا وەرن و چاکبنەوە، نەک لە ڕۆژی شەممەدا.»

[15] مەسیحیش وەڵامی دایەوە: «ئەی دووڕووان! ئایا هەر یەک لە ئێوە لە ڕۆژی شەممەدا گا یان گوێدرێژەکەی لە ئاخوڕ ناکاتەوە و بیبات ئاوی بدات؟

[16] ئەوەش کە کچی ئیبراهیمە و هەژدە ساڵە شەیتان بەستویەتییەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەممەدا لەم بەندە ئازاد بێت؟»

[17] کە ئەمەی فەرموو، هەموو بەرهەڵستکارانی شەرمەزار بوون، هەموو خەڵکەکەش بە گشت ئەو کارە شکۆدارانەی بەو ئەنجام دەدران دڵشاد بوون.

[18] ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟

[19] لە دەنکە خەردەلێک دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.»

[20] دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟

[21] لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»

[22] کاتێک عیسا دەچووە ئۆرشەلیم، بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و خەڵکی فێردەکرد.

[23] یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» ئەویش پێی فەرموون:

[24] «کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەسک بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن.

[25] لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“ وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“

[26] «ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“

[27] «ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“

[28] «کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانتان دێت.

[29] لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا لەسەر خوان دادەنیشن.

[30] ئەوەتا دواهەمین هەن دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش هەن دەبنە دواهەمین.»

[31] لەو کاتەدا هەندێک فەریسی هاتن و پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ، چونکە هێرۆدس دەیەوێت بتکوژێت.»

[32] ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بەو ڕێویە بڵێن، [ئەوەتا ئەمڕۆ و بەیانی ڕۆحە پیسەکان دەردەکەم و خەڵکی چاک دەکەمەوە، لە ڕۆژی سێیەمیش تەواو دەبم .]

[33] بەڵام بۆ من پێویستە ئەمڕۆ و سبەی و دووسبەی بڕۆم، چونکە نابێت پێغەمبەرێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم بمرێت.

[34] «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست.

[35] ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ. پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتە دێت کە دەڵێن، [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت. ]»

مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا — Chapters