Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:13

[1] قوڕبەسەرم! وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت، وەک چنینەوەی ڕەزەمێو. نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە، نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات.

[2] خواناس لە خاک لەناوچوو، کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە. هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە، هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات.

[3] بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن، میر داوای دیاری دەکات، دادوەر بەرتیل وەردەگرێت، بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات پێکەوە دەیڕێسن.

[4] چاکترینیان وەک وشترالووکە و ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە. ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات، ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە.

[5] متمانە بە برادەر مەکە و پشت بە دۆست مەبەستە. نهێنیت بپارێزە تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە.

[6] چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات، کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە، بووک لە خەسووی؛ دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.

[7] بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت، چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم، خودام گوێم لێ دەگرێت.

[8] ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت! چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە، ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم، یەزدان ڕووناکییە بۆم.

[9] لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد، بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم، تاوەکو بەرگری لە داواکەم دەکات و مافی من دێتە دی. دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی، ڕاستودروستی ئەو دەبینم.

[10] ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و شەرمەزاری دایدەپۆشێت، ئەوەی پێی دەگوتم: «کوا یەزدانی پەروەردگارت؟» چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن، تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت وەک قوڕی شەقامەکان.

[11] ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت، ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.

[12] لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات، لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە، تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات لە دەریاوە بۆ دەریا و لە چیاوە بۆ چیا.

[13] زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت، بەهۆی کردەوەکانیان.

[14] بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکات، مێگەلی میراتەکەت، ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە لەناوەڕاستی ڕەزەکان. با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن وەک ڕۆژگاری کۆن.

[15] «وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر، کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»

[16] نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن، سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان. دەست دەخەنە سەر دەمیان گوێیان کەڕ دەبێت.

[17] وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە، وەک خشۆکەکانی زەوی. بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن، لە تۆ دەترسن.

[18] کێ خودایەکی وەک تۆیە، کە لە تاوان دەبوورێت و لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟ هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.

[19] دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە، تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و هەموو گوناهەکانمان فڕێیدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.

[20] دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت، خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم، ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد هەروەک ڕۆژگاری کۆن.

میخا — Chapters