[1] گوتم: «ئەی سەرکردەکانی یاقوب، ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن. ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟
[2] ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن، پێستی گەلەکەم دادەماڵن و گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛
[3] ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن، کەوڵیان دەکەن، ئێسکیان دەشکێنن، پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ، وەک گۆشتی ناو تاوە.»
[4] ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن، بەڵام وەڵامیان ناداتەوە. لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.
[5] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سەبارەت بە پێغەمبەرەکان، ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن، بانگەوازی ئاشتی دەکەن بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن، بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن کە تێریان ناکەن.
[6] لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت، تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە. خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت، ڕۆژیان لێ تاریک دادێت.
[7] پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن، فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن، هەموویان چاوەڕوویان نەماوە، چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.»
[8] بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز، پڕ لە ڕۆحی یەزدان، لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی، تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم، بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی.
[9] ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب، ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن، ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن،
[10] ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و ئۆرشەلیم بە ستەم.
[11] ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن، کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن، پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن: «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟ هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.»
[12] لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.