Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:14

[1] لە ڕۆژانی کۆتاییدا، کێوی پەرستگای یەزدان لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت، بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

[2] زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن: «وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین، بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب. فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات، بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.» فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت، پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.

[3] لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات، ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات، شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن، ڕمەکانیشیان دەکەنە داس. هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت، چیتر فێری جەنگ نابن.

[4] هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت، کەس نایترسێنێت، چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی.

[5] هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر، هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛ ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر.

[6] یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە، هەروەها ئەوانەی سزام داون.

[7] شەلەکان دەکەمە پاشماوە، دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز. یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە.

[8] تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل، ئەی قەڵای سییۆنی کچ، هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە، پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»

[9] ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟ بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟ ئایا پاشات نییە، یان ڕاوێژکارت مردووە؟

[10] ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ وەک ژنی ژانگرتوو، چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت. دەچیتە بابل، لەوێ دەرباز دەکرێیت. لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە لە دەستی دوژمنەکانت.

[11] بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە لە دژی تۆ کۆدەبنەوە. دەڵێن: «با گڵاو بێت، با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.»

[12] بەڵام ئەوان نازانن بیرکردنەوەی یەزدان چییە، هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن، چونکە وەک مەلوی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە.

[13] «ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە، چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم. سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.» دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت، سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.

میخا — Chapters