Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:01

[1] ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە، چونکە گەمارۆ دراوین. بە گۆچان لە ڕوومەتی ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.

[2] «بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە، هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی یەهودا بچووکیت، بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە، لە ئەزەلەوەیە.»

[3] لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت، پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.

[4] جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات بە هێزی یەزدان، بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی. جا بە ئاسوودەیی دەژین، چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.

[5] ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە، کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان. حەوت شوانی لەسەر دادەنێین، لەگەڵ هەشت میر.

[6] بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو. بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات، کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.

[7] پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت، وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە، وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا، ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.

[8] پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان، لەنێو چەندین گەل، وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا، وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا، ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات، کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.

[9] دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.

[10] یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و گالیسکەکانت ڕیشەکێش دەکەم.

[11] شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.

[12] ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.

[13] بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت لەناوەڕاستت، ئیتر کڕنۆش نابەیت بۆ دەستکردی دەستەکانت.

[14] ستوونە ئەشێراکانت لەنێوتدا هەڵدەکێشم و شارەکانت وێران دەکەم.

[15] بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»

میخا — Chapters