[1] پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:
[2] ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن، زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن: پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە، یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە.
[3] ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە، دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات.
[4] چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و دۆڵەکان شەق دەبەن، وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا، وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا.
[5] هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب، لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل. چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟ ئایا سامیرە نییە؟ ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟ ئایا ئۆرشەلیم نییە؟
[6] «لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم، دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن. بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و بناغەکانی دەردەخەم.
[7] هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت، هەموو بتەکانی وێران دەکەم. لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە، دەدرێتەوە لەشفرۆش.»
[8] لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە، بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم. وەک چەقەڵ دەلورێنم و وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم.
[9] چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت، بەڵکو یەهوداش تووش بوو، گەیشتە دەروازەی گەلەکەم، هەتا ئۆرشەلیم هات.
[10] ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک مەگریێن، لە بێتعۆفرادا خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە.
[11] ئەی دانیشتووانی شافیر بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە، دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن. بێتئێچەل دەگریێت بەڵام ناتانپارێزێت.
[12] دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە، بە دڵەڕاوکێوە چارەسەر چاکە دەکەن، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی.
[13] ئەی دانیشتووانی لاخیش، گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن، ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن، هەروەها سییۆنی کچتان تووشی گوناه کرد.
[14] لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن بە مۆرەشەت گەت. یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە جێی متمانە نییە بۆ پاشاکانی ئیسرائیل.
[15] داگیرکەرتان دەهێنمە سەر، ئەی دانیشتووانی مارێشا ، ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە دێتە عەدولام.
[16] سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان لەسەر منداڵە نازدارەکانتان، وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.