[1] قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن! کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن چونکە لە دەستیان دێ.
[2] چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن، هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن. دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن، تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.
[3] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە، ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن. بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن، چونکە کاتی خراپە دەبێت.
[4] لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ: ”بە تەواوی وێران بووین، بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە. چۆن لێی داماڵین! کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟“»
[5] لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.
[6] پێغەمبەرەکانیان دەڵێن: «پێشبینی مەکەن! دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن، ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»
[7] ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئایا دروستە خەڵک بپرسێت: «ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟ یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟» «ئایا وشەکانم باش نین بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟
[8] بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین. ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن، وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.
[9] ژنانی گەلەکەم دەردەکەن لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە. بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.
[10] هەستن و بڕۆن! چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە، لەبەر ئەوەی گڵاو بوو، وێران بوو، وێرانبوونێکی خراپ.
[11] ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت: ”پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،“ ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!
[12] «ئەی یاقوب، بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە، بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە. یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر ، وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی، ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.
[13] کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت، دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە. پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت، یەزدانیش پێشەنگیانە.»