Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:23

[1] گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت: «هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە، با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.

[2] «ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن، ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن! چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی، داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.

[3] «ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟ بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!

[4] من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت، لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە. من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات، هەروەها هارون و مریەمیش.

[5] ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە. گەشتەکەت لە شەتیمەوە تاکو گلگال بهێنەرەوە یادت، تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»

[6] بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟ ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی، بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟

[7] ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟ ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم، بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟

[8] ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوای چیت لێدەکات: دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.

[9] ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن! دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات: «ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!

[10] ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟ ئایا ئێفەی ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟

[11] ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم، ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟

[12] دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن، دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و بە زمانیان فێڵ دەکەن.

[13] لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم، لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.

[14] ئێوە دەخۆن و تێر نابن، گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت. ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.

[15] ئێوە دەچێنن و نادورنەوە، زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن، ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.

[16] چونکە فەرزەکانی عۆمری و هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤت بەجێهێناوە و ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر. لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و تانە و تەشەری نەتەوەکان.»

میخا — Chapters