[1] سروشێک سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:
[2] یەزدان خودایەکی ئیرەدار و تۆڵەسێنەرە، یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە. یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە.
[3] یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە، بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت. ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە، هەور تۆزی پێیەکانیەتی.
[4] دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات، هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات. باشان و کارمەل سیس دەکات، خونچەی لوبنان سیس دەبێت.
[5] چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و گردەکان دەتوێنەوە. زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت، جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی.
[6] کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟ کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟ هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.
[7] یەزدان چاکە، لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە. بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،
[8] بەڵام بە تۆفانێکی گەورە بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت، دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت.
[9] بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟ ئەو کۆتایی پێدەهێنێت، کارەسات دوو جار بەرپا نابێت.
[10] ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن، بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن، هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن.
[11] ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت، ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان، ڕاوێژکاری بەدکارییە.
[12] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «هەرچەندە بەهێز و زۆریشن، بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن. ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم.
[13] ئێستاش ئەو نیرەی کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم، کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.»
[14] ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە: «هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت. بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم. گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.»
[15] ئەوەتا لەسەر چیاکانە پێیەکانی مزگێنیدەر، ئاشتی ڕادەگەیەنێت! ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە، نەزرەکانت بەجێبهێنە، ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن، بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.