Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:48

[1] ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات. قەڵاکە بپارێزە، چاودێری ڕێگاکە بکە، بازووی لێ هەڵبکە، توانای زۆر بخەرە گەڕ!

[2] یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە وەک سەروەری ئیسرائیل، هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.

[3] قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون، قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان، لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە، ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.

[4] گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون، لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن. دیمەنیان وەک مەشخەڵە، وەک بروسک غار دەدەن.

[5] نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات، بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون. پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و قەڵغانەکان ئامادە کراون.

[6] دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و کۆشکەکە دەڕمێت.

[7] بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و ڕاپێچ دەکرێت. کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن، سنگیان دەکوتن.

[8] نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە. هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!» بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.

[9] «زیو تاڵان بکەن! زێڕ تاڵان بکەن! گەنجینەکانی لەبن نایەن، پڕە لە گەوهەری بەهادار.»

[10] چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە، دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن، هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.

[11] کوا لانەی شێرەکان، لەوەڕگای بەچکە شێران؟ لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.

[12] شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند، ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر، لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.

[13] یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ، بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم. ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»

ناحوم — Chapters