[1] ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت، سەراپای درۆیە، پڕ لە تاڵانە، نێچیری لێ نابڕێت!
[2] شریقەی قامچی، خشەخشی چەرخ، غاردانی ئەسپ و هەڵبەزینی گالیسکە!
[3] سوارەکان پێشدەکەون، بڵێسەی شمشێر و بروسکەی ڕم! زۆری برینداران و زۆری کوژراوان، تەرمی بێشومار، خەڵکی ساتمە لە کەلەشەکان دەکەن.
[4] هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە، ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە، ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە، بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.
[5] یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت، ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.
[6] پیسایی فڕێدەدەمە سەرت، ڕیسوات دەکەم و دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.
[7] جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت: ”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“ لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»
[8] ئایا لە تیب چاکتریت، دانیشتووی سەر نیل، ئاو چواردەوری دابوو؟ ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست، ئاوەکان شوورای بوون.
[9] کوش و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون، پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
[10] بەڵام ئەو بە دیل گیرا و ڕاپێچ کرا، منداڵەکانی پارچەپارچە کران لەسەر سووچی هەموو شەقامێک. لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
[11] هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت، خۆت دەشاریتەوە و لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.
[12] هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن بە یەکەم بەرەوە، کە بتەکێن بەردەبنەوە بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
[13] تەماشای سەربازەکانت بکە، هەموویان وەک ژنن! دەروازەکانی خاکەکەت بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت، ئاگر شمشیرەی دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.
[14] ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت، قەڵاکانت بەهێز بکە! بڕۆ ناو قوڕەوە، قوڕ بشێلە و خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
[15] لەوێدا ئاگر دەتخوات، شمشێر دەتبڕێت و وەک پۆلە کوللە دەتخوات. وەک پۆلە کوللە زیادبە، زیادبە وەک پێکوڕە!
[16] بازرگانەکانی خۆت لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد، بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
[17] پاسەوانەکانت وەک کوللەن، ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن، کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون، بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن، کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.
[18] ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن، گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن. گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون، کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
[19] شکانەکەت ناگیرێتەوە، برینەکەت ساڕێژ نابێت. هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن، چونکە کێ نەیچێشتووە خراپەی بەردەوامی تۆ؟