Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:20

[1] ئەو سروشەی کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.

[2] ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و تۆش گوێ ناگریت؟ هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و تۆش ڕزگار ناکەیت؟

[3] بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟ بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟ وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە، ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.

[4] لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت. خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا، لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.

[5] «تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن، بە تەواوی سەرسام بن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم، ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.

[6] چونکە من بابلییەکان هەڵدەستێنمەوە، گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە، بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر، بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.

[7] تۆقێنەر و ترسێنەرە، خۆیان حوکم دادەنێن و شکۆی خۆیان دەسەپێنن.

[8] ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و لە گورگی ئێواران توندوتیژترن، سوارەکانی بە پڕتاوی لە دوورەوە دێن، وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.

[9] هەموو بۆ ستەمکاری دێن، ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات پەرەوپێش دەچێت، وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.

[10] گاڵتە بە پاشایان دەکەن و میران دەکەنە گاڵتەجاڕ، بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن، خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.

[11] ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن، تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»

[12] ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟ خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت. ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا، ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.

[13] چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن، ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت. کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟ بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟

[14] مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت، وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.

[15] دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات، بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات، لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە، لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.

[16] هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و بخووری بۆ دەسووتێنێت، چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و خواردنەکەی چەورە.

[17] هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات، بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟

حەبەقوق — Chapters