Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:49

[1] نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:

[2] ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست، ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام، لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە، با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن، لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!

[3] خودا لە تێمانەوە هات، پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.

[4] پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە، لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت، لەوێدا توانای شاردرابووەوە.

[5] پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت، گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.

[6] ڕاوەستا و زەوی هەژاند، تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند. چیا دێرینەکان کوتران، گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام یەزدان جاویدانییە.

[7] چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی، ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.

[8] ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟ ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟ ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو، تاکو سواری ئەسپ بیت و گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟

[9] کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و داوای تیرێکی زۆرت کرد. بە ڕووبارەکان زەویت شەق کردووە،

[10] چیاکان تۆیان بینی و لەرزین، لافاوی ئاوەکان تێپەڕین، قووڵاییەکان دەنگیان هات، شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.

[11] خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان ، بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت، بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.

[12] بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت، بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.

[13] بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە، بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت. سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد، لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.

[14] بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد، کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان، خۆشیان ئامادە کرد بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.

[15] بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر، ئاوە زۆرەکانت هەژاند.

[16] بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە، لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین، ئێسکەکانم کلۆر بوون، چۆکم لەرزی. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.

[17] لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە، لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن، لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر دەبڕدرێتەوە و مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،

[18] بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم، بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.

[19] یەزدانی پەروەردگار هێزی منە، پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات، توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان. d بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.

حەبەقوق — Chapters