[1] پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
[2] «هەمووان لەسەر ڕووی زەوی بە تەواوەتی دادەماڵم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[3] «مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم، باڵندەکانی ئاسمان و ماسییەکانی دەریا دادەماڵم. بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[4] «دەستم بۆ سەر یەهودا و بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم. ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم، ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
[5] ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان، ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن، هەروەها سوێند بە مۆلەخیش دەخۆن،
[6] لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
[7] لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە، چونکە یەزدان قوربانی ئامادە کردووە بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
[8] لە ڕۆژی قوربانی یەزدان میران سزا دەدەم هەروەها کوڕانی پاشا و هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
[9] لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن، ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن لە ستەم و فێڵبازی.
[10] یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە، ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت، دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
[11] ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش بناڵێنن، هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن، هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
[12] لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین، ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە، لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
[13] ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت، ماڵیان وێران دەبێت. ماڵ بنیاد دەنێن و تێیدا دانانیشن؛ ڕەز دەچێنن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
[14] «ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە، نزیکە و زۆر بە پەلەیە. هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت، پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
[15] ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە، ڕۆژی تەنگانە و ئازارە، ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە، ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
[16] ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە لە دژی شارە قەڵابەندەکان و لە دژی قوللە بەرزەکان.
[17] «تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم، وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن، چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد. ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و هەناویشیان وەک زبڵ.
[18] نە زیو و نە زێڕەکەیان ناتوانن دەربازیان بکەن، لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان. «بە ئاگری ئیرەییەکەی هەموو زەوی هەڵدەلووشێت، چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»