Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:00

[1] ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە، خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە،

[2] بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت، بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت، پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان، پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان.

[3] ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن، ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن. داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن، بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن.

[4] غەزە چۆڵ دەکرێت و ئەسقەلان وێران دەبێت، ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت.

[5] قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا، نەتەوەی کریتییەکان! فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە، ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان، یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم، کەست ناهێڵمەوە.»

[6] کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا، دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری مەڕ.

[7] دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا، لەسەری دەلەوەڕێنن، ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە، ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە.

[8] «گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو، ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.»

[9] یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت، عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا، هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و چاڵی خوێ و وێرانییە. پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.»

[10] لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت، لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار.

[11] یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان، چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت. هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی.

[12] «ئێوەش ئەی کوشییەکان ، بە شمشێری من دەکوژرێن.»

[13] دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و ئاشوریش لەناودەبات، نەینەوا وێران دەکات وەک بیابان وشک دەبێت.

[14] ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە، هەموو جۆرە ئاژەڵێک. هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش، لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن، لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت، کاول بوون لە بەردەرگایە چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە.

[15] ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە کە لە ئاسوودەییدا دەژیا. ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت: «تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.» ئاخ، چۆن وێران بوو، لانەی گیانلەبەران! هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و فیکە لێدەدەن.

سەفەنیا — Chapters