[1] قوڕبەسەر شاری ستەمکارەکان ئەوەی یاخی بووە و گڵاوە!
[2] گوێی لە کەس نەگرت، تەمبێ نەبوو، پشتی بە یەزدان نەبەست، لە خودای خۆی نزیک نەبووەوە.
[3] میرەکانی ناوەڕاستی شێرن دەنەڕێنن، دادوەرەکانی گورگی ئێوارانن، هیچ بۆ بەیانی ناهێڵنەوە.
[4] پێغەمبەرەکانی لەخۆبایین، خەڵکانێکی ناپاکن، کاهینەکانی پیرۆزگایان گڵاو کردووە، تەوراتیان پێشێل کردووە.
[5] یەزدان لەو شارەدا ڕاستودروستە، ناڕەوایی ئەنجام نادات. بەیانییان دادپەروەرییەکەی پەیڕەو دەکات، کەموکوڕی تێدا نییە، بەڵام ستەمکار واتای سەرشۆڕی نازانێت.
[6] «نەتەوەکانم ڕیشەکێش کرد، قەڵاکانیان وێران بوون، شەقامەکانی ئەوانم چۆڵ کرد، بەبێ ڕێبوارن، شارەکانیان وێران کران، بەبێ مرۆڤن، بێ دانیشتووان.
[7] ئینجا فەرمووم: ”بێگومان ئیتر لێم دەترسیت و تەمبێ دەبیت!“ هەتا نشینگەکەی ڕیشەکێش نەکرێت، هەموو سزای خۆم بەسەریدا ناسەپێنم. بەڵام چالاک بوون لە گەندەڵکردنی هەموو کردەوەکانیان.»
[8] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە چاوەڕێم بکەن، هەتا ئەو ڕۆژەی هەڵدەستم بۆ شایەتیدان، چونکە بڕیارم دا نەتەوەکان کۆبکەمەوە، پاشایەتییەکان خڕبکەمەوە، هەتا هەڵچوونم بەسەریاندا هەڵڕێژم، هەموو گڕی تووڕەییم، بە ئاگری ئیرەییم هەموو زەوی هەڵدەلووشێت.
[9] «ئینجا لێوی هەموو گەلان پاک دەکەمەوە، هەتا هەموویان بە ناوی یەزدانەوە نزا بکەن، تاکو هاوشانی یەکتر خزمەتی بکەن.
[10] لەوبەری ڕووبارەکانی کوشەوە ئەوانەی دەمپەرستن، گەلە پەرتوبڵاوکراوەکەم، دیارییەکانم پێشکەش دەکەن.
[11] لەو ڕۆژەدا بەهۆی کردەوەکانت سەرشۆڕ نابیت کە پێیان لە من یاخی بوویت، چونکە من لەم شارە دایاندەماڵم، ئەوانەی بە لووتبەرزییان دڵخۆشن. ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ سەر لووت بەرزی لە کێوی پیرۆزم.
[12] بەڵام گەلێکت تێدا دەهێڵمەوە سادە و ساکار، پشت بە ناوی یەزدان دەبەستێت.
[13] پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن، درۆ ناکەن، لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت، چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن، کەسیش نییە بیانترسێنێت.»
[14] سییۆنی کچ گۆرانی بڵێ، ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە! بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە، ئەی ئۆرشەلیمی کچ!
[15] یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی، دوژمنەکەت کشایەوە. یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە، جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.
[16] لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «ئەی سییۆن مەترسە، دەستت شل مەکە.
[17] یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە، لە ڕزگارکردن قارەمانە. بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت، لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە، بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»
[18] «ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن لە تۆ دایاندەماڵم، لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.
[19] لەو کاتەدا من سزایان دەدەم هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛ شەلەکە ڕزگار دەکەم و ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە. ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.
[20] لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە، لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان. ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم لەنێو هەموو گەلانی زەوی، کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.