Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:24

[1] ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:

[2] «لە پێناوی پێشەوایەتیکردنی پێشەواکان لە ئیسرائیل و لە پێناوی ئەوانەی لەنێو گەل خۆیان بەختکرد، ستایشی یەزدان بکەن!

[3] «ببیستن ئەی پاشایان، گوێ بگرن ئەی فەرمانڕەوایان! من بۆ یەزدان سروود دەڵێم، مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.

[4] «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر، بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم، زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد، هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.

[5] چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا، لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.

[6] «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات، لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.

[7] گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون، چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام، هەستام وەک دایکێک لە ئیسرائیل.

[8] چەند خودایەکی نوێیان هەڵبژاردبوو، ئینجا شەڕ هاتە دەروازەکان. ئایا هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل دەبینرا؟

[9] دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە، لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل، ستایشی یەزدان بکەن!

[10] «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون، دانیشتوو لەسەر زینی لباد و ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر، گوێ بگرن

[11] لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای حەوزەکان، لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا، کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل. «ئینجا گەلی یەزدان بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.

[12] ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا! هەستە، هەستە، سروود بڵێ! هەستە، ئەی باراک! ئەی کوڕی ئەڤینۆعەم دیلەکانت بگرە.“

[13] «ئینجا پاشماوەی گەل هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان، گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە، لەگەڵ پاڵەوانەکان.

[14] هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە، لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت. لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە.

[15] سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک، بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن. لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.

[16] بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون، بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟ لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.

[17] گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە، بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟ ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و لە بەندەرەکانی مایەوە.

[18] زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ.

[19] «پاشایان هاتن و جەنگان، ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ، هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت.

[20] ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان، لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان.

[21] ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین، ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە. ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ!

[22] ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا، لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی.

[23] فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن، بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن، چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان، یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“

[24] «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان، یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.

[25] داوای ئاوی کرد شیری پێدا، لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی بۆ هێنا.

[26] دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و دەستە ڕاستەی بۆ چەکوشی کرێکار. لە سیسرای دا و سەری شکاند، کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.

[27] لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، ڕاکشا، لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و شێوێنرا.

[28] «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و لە کڵاوڕۆژنەوە دەستی بە شیوەن کرد. ”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟ بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“

[29] ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە، بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:

[30] ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن، کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک، تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا، جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو، جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم، هەمووی وەک تاڵانی؟“

[31] «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان! بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.» ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

ڕابەران — Chapters