[1] لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟»
[2] یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.»
[3] پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون.
[4] پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن.
[5] ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند.
[6] ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان، پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕی.
[7] ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد.
[8] کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا.
[9] لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی خۆرئاوا نیشتەجێ بوون.
[10] ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو.
[11] لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو.
[12] ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.»
[13] ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
[14] ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
[15] ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
[16] نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو ، لە شاری دار خورما لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە نیشتەجێ بوون.
[17] پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد ، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما .
[18] کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان.
[19] یەزدانیش لەگەڵ کوڕانی یەهودا بوو، جا ناوچە شاخاوییەکە بووە موڵکیان، بەڵام نەیانتوانی دانیشتووانی دەشتاییەکان دەربکەن، چونکە گالیسکەی ئاسنینیان هەبوو.
[20] هەروەک موسا بەڵێنی دابوو ، حەبرۆنیان دایە کالێب، ئەویش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لەوێ دەرکرد.
[21] بەڵام هۆزی بنیامینیش یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیمیان دەرنەکرد، ئیتر یەبوسییەکان لەگەڵ نەوەی بنیامین لە ئۆرشەلیم ژیان، هەتا ئەمڕۆش.
[22] هەروەها بنەماڵەی یوسف هێرشیان بردە سەر بێتئێل و یەزدانیش لەگەڵیان بوو.
[23] کاتێک ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێتئێل، کە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو،
[24] سیخوڕەکان پیاوێکیان بینی لە شارەکە هاتبووە دەرەوە، پێیان گوت: «دەروازەی شارەکەمان پیشان بدە، ئێمەش لەگەڵت باش دەبین.»
[25] ئەویش دەروازەی شارەکەی پیشاندان، ئەوانیش شارەکەیان دایە بەر زەبری شمشێر، بەڵام پیاوەکە و هەموو تیرەکەی ئەویان بەڕەڵا کرد.
[26] پیاوەکەش چوو بۆ خاکی حیتییەکان و شارێکی دروستکرد و ناوی لێنا لوز، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
[27] بەڵام مەنەشە ئەم خەڵکانەی لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەریان دەرنەکرد: خەڵکی بێتشان و تەعنەک و دۆر و یەڤلەعام و مەگیدۆ، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکە.
[28] کاتێک ئیسرائیلییەکان بەهێز بوون، کەنعانییەکانیان خستە ژێر کاری بێگاری، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
[29] ئەفرایمییەکانیش ئەو کەنعانیانەیان دەرنەکرد کە دانیشتووی گەزەر بوون، بەڵکو کەنعانییەکان لە گەزەر لەنێویان نیشتەجێ بوون.
[30] زەبولونییەکانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نەهەلۆلیان دەرنەکرد، جا کەنعانییەکان لەنێویان نیشتەجێ بوون و لەژێر کاری بێگاریدا بوون.
[31] ئاشێرییەکانیش دانیشتووانی عەکۆیان دەرنەکرد، هەروەها دانیشتووانی سەیدا و ئەحلاڤ و ئەکزیڤ و حەلبا و ئەفێق و ڕەحۆڤیش.
[32] ئیتر ئاشێرییەکان لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، چونکە دەریاننەکردن.
[33] نەفتالییەکانیش دانیشتووانی بێتشەمەش و دانیشتووانی بێتعەناتیان دەرنەکرد، بەڵکو لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێتشەمەش و بێتعەنات لەژێر کاری بێگاری بوون بۆیان.
[34] ئەمورییەکانیش نەوەی دانیان لە ناوچەی شاخاوی گەمارۆ دا، چونکە نەیانهێشت دابەزن بۆ دۆڵەکە.
[35] ئەمورییەکانیش سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لە کێوی حەرەس و لە ئەیالۆن و لە شەعەلڤیم، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەی یوسف بەهێز بوو، ئەوانیش بێگارییان پێ کردن.
[36] سنووری ئەمورییەکانیش لە هەورازی دووپشک لە سەلەعەوە و بەرەو ژوور دەچوو.