[1] لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو. پیاوێکی لێڤی لە شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا نیشتەجێ بوو، کەنیزەیەکی هێنا خەڵکی بێتلەحمی یەهودا بوو.
[2] ئیتر کەنیزەکە داوێنپیسی کرد و چووەوە بۆ ماڵی باوکی لە بێتلەحمی یەهودا، چوار مانگ لەوێ مایەوە.
[3] ئینجا پیاوەکەی هەستا و بەدوایدا چوو بۆ ئەوەی ئاشتی بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە، ئیتر خزمەتکارەکەی و دوو گوێدرێژی لەگەڵ خۆی برد. ژنەکەش پیاوەکەی بردە ناو ماڵی باوکی. کاتێک باوکی کیژەکە بینی بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنی کرد.
[4] خەزووری واتە باوکی کیژەکە گلی دایەوە و سێ ڕۆژ لەگەڵیدا مایەوە، خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مایەوە.
[5] لە ڕۆژی چوارەمدا بەیانی زوو لە خەو هەستان و لێڤییەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن، باوکی کیژەکە بە زاواکەی گوت: «تۆ بە پارووە نانێک بەری دڵت بگرە و پاشان لەگەڵ ئەوان بڕۆ.»
[6] ئینجا هەردووکیان دانیشتن و خواردیان و پێکەوە خواردیانەوە، باوکی کیژەکە بە پیاوەکەی گوت: «ڕازی بە و ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە.»
[7] جا کە پیاوەکە هەستا بڕوات، خەزووری زۆری لێکرد، تاکو شەوێکی دیکە لەوێ بمێنێتەوە.
[8] پاشان بۆ سبەینێ لە ڕۆژی پێنجەمدا هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، باوکی کیژەکە گوتی: «بەری دڵت بگرە ئینجا بڕۆ!» ئینجا هەتا دوای نیوەڕۆ مانەوە و هەردووکیان نانیان خوارد.
[9] ئیتر پیاوەکە هەستا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنیزەکەی و خزمەتکارەکەیدا بڕوات، جا خەزووری، واتە باوکی کیژەکە، گوتی: «ئەوا ڕۆژ لە ئاوابوونە، لەبەر ئەوە بمێنەوە. وا کۆتایی ڕۆژە، ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە، سبەینێ زوو بکەوە ڕێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت.»
[10] بەڵام پیاوەکە نەیویست بمێنێتەوە، بەڵکو هەستا و ڕۆیشت، گەیشتە بەرامبەر یەبوس، واتە ئۆرشەلیم، دوو گوێدرێژە کورتانکراوەکەی و کەنیزەکەی لەگەڵدا بوو.
[11] لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.»
[12] بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.»
[13] ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.»
[14] ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو.
[15] بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوەی تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە.
[16] لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون.
[17] پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟»
[18] ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێتلەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێتلەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی.
[19] هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.»
[20] پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.»
[21] ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە.
[22] لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.»
[23] خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن.
[24] ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.»
[25] بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد.
[26] بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو.
[27] کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو.
[28] پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.
[29] کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل.
[30] جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!»