Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:58

[1] لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری،

[2] یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا.

[3] لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان.

[4] دەڤۆراش پێغەمبەرێکی ژن بوو، ژنی لەپیدۆت بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد.

[5] بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێت‌ئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای.

[6] ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «ئایا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێ نەکردوویت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر؟ دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە.

[7] ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“»

[8] باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.»

[9] دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆیت بۆت نابێتە مایەی شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش،

[10] لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو.

[11] حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو.

[12] ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر.

[13] سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتە نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە.

[14] دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە، چونکە ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان سیسرای تێیدا خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە.

[15] یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات.

[16] باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما.

[17] بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.

[18] یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.

[19] پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.

[20] ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»

[21] بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆی چوو و مێخەکەی کێشا بە لاجانیدا و بە زەوییەکەدا خستی، ئەویش لە خەوێکی قووڵدا بوو، چونکە ماندوو بوو، ئیتر مرد.

[22] لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.

[23] خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد.

[24] نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد.

ڕابەران — Chapters