Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:40

[1] پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای.

[2] ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.»

[3] شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن.

[4] پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو.

[5] ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «مەکری لەگەڵ بکە و تەماشا بکە بزانە نهێنی ئەو هێزە مەزنەی چییە و بە چی بەسەریدا زاڵ بین و پەلبەستی بکەین بۆ ئەوەی ملکەچی بکەین، ئینجا هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل زیوت پێدەدەین.»

[6] جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟»

[7] شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»

[8] ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستایەوە.

[9] کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە.

[10] جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»

[11] ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»

[12] ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستایەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە.

[13] دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و

[14] لە تەختە دارێک گرێی دا. جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند.

[15] ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت ”تۆم خۆشدەوێ“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.»

[16] جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو.

[17] بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم . جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»

[18] جا دەلیلا کە بینی هەموو ئەوەی لە دڵیدایە پێی گوت، حوکمڕانە فەلەستییەکانی بانگکرد و گوتی: «ئەم جارە سەربکەون، چونکە هەموو ئەوەی کە لە دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتنە سەرەوە بۆ لای و زیوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

[19] ئینجا لەسەر ڕانی خەواندی و پیاوێکی بانگکرد و هەر حەوت تیسکەکەی سەری تاشی و دەستی بە زەلیلی کرد و هێزەکەی لە دەست دا.

[20] ئینجا گوتی: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا ئەویش لە خەو خەبەری بووەوە و گوتی: «وەک هەموو جارێک دەچمە دەرەوە و خۆم ڕادەتەکێنم و ئازاد دەبم.» بەڵام نەیزانی یەزدان بەجێی هێشتووە.

[21] جا فەلەستییەکان گرتیان و چاویان هەڵکۆڵی و بردیانە خوارەوە بۆ غەزە و بە زنجیری بڕۆنز بەستیانەوە و لە زینداندا ئیشی دەستاڕی دەکرد.

[22] بەڵام مووی سەری دەستی بە هاتنەوە کرد پاش ئەوەی تاشرابوو.

[23] حوکمڕانە فەلەستییەکانیش کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانییەکی گەورە بۆ داگۆنی خوداوەندیان سەر ببڕن و ئاهەنگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوەندەکەمان شەمشونی دوژمنمانی داوەتە دەستمان.»

[24] جا کە گەل بینییان ستایشی خوداوەندەکەیان کرد، چونکە گوتیان: «خوداوەندەکەمان ئەو دوژمنەمانی دایە دەستمان کە خاکەکەی ئێمەی وێران کرد و زۆری لێ کوشتین.»

[25] پاش ئەوەی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شەمشون بانگ بکەن هەتا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شەمشونیان لە زیندانەوە بانگکرد و لەبەردەمیاندا نوواندنی بۆ دەکردن. کاتێک لەنێوان کۆڵەکەکان ڕایانوەستاند،

[26] شەمشون بەو مێردمنداڵەی گوت کە دەستی گرتبوو: «لێمگەڕێ با دەست بدەمە کۆڵەکەکان کە پەرستگاکەی لەسەر ڕاوەستاوە هەتا خۆمیان پێوە بگرم.»

[27] پەرستگاکەش پڕ بوو لە پیاو و ئافرەت و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیش لەوێ بوون، لە سەربانەکەش سێ هەزار پیاو و ئافرەتی لێبوو، تەماشای شەمشونیان دەکرد نوواندنی بۆ دەکردن.

[28] جا شەمشون هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە بە بیری خۆتم بهێنەرەوە، تکایە بەهێزم بکە، تەنها ئەم جارە ئەی خودایە، بۆ ئەوەی بە یەک جار تۆڵەی چاوم لە فەلەستییەکان بکەمەوە.»

[29] ئینجا شەمشون دوو کۆڵەکەکەی ناوەندی گرت کە پەرستگاکە لەسەریان ڕاوەستابوو و خۆی پێیانەوە گرت، یەکێکیان لەلای دەستە ڕاستی و ئەوی دیکەیان لەلای دەستە چەپی.

[30] ئینجا شەمشون گوتی: «با لەگەڵ فەلەستییەکاندا بمرم!» جا بە هەموو هێزی چەمایەوە و پەرستگاکە بەسەر حوکمڕانەکان و هەموو ئەو خەڵکەی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئەوانەی لە کاتی مردنیدا کوشتنی زیاتر بوون لەوانەی لە ژیانیدا کوشتنی.

[31] ئینجا براکانی و هەموو ماڵی باوکی دابەزین و هەڵیانگرت و بردیانە سەرەوە، لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل لەناو گۆڕی مانۆوەحی باوکی ناشتیان. ئەویش بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

ڕابەران — Chapters