Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:49

[1] ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.

[2] باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»

[3] شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.»

[4] ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لەناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا.

[5] ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.

[6] فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.» ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند.

[7] شەمشونیش پێی گوتن: «چونکە ئەمەتان کردووە، ئەوا من وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵە نەکەمەوە.»

[8] ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو کونێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.

[9] ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە.

[10] جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟» ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»

[11] ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ کونەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟» ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»

[12] ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.» شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»

[13] ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست.

[14] کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو.

[15] ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.

[16] ئینجا شەمشون گوتی: «بە شەویلاکی کەرێک ئێوەم کردە کەرگەل، بە شەویلاکی کەرێک هەزار پیاوم کوشت.»

[17] کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی ناو برد.

[18] پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنە نەکراوەکان؟»

[19] ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.

[20] جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

ڕابەران — Chapters