[1] ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»
[2] یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم.
[3] کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»
[4] ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.»
[5] گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،»
[6] پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.
[7] لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.
[8] پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێتلەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
[9] سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
[10] پاشان ئیبسان مرد و لە بێتلەحم نێژرا.
[11] پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
[12] پاشان ئێلۆنی زەبولونی مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.
[13] پاش ئەویش عەڤدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
[14] چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
[15] ئینجا عەڤدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.